٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو ده‌وڵه‌ت دەیانەوێ ئاستی نوێنه‌رایه‌تییان له‌ هه‌ولێر بەرزکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێری پایەختی هەرێمی كوردستان،  ژمارەی كونسوڵخانە گشتییەكان لە هەولێر بۆ  22 کونسوڵخانە بەرز بووەوە، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ ده‌رخه‌ری به‌هێزی دیپلۆماسی كوردستانه‌.

به‌پێی به‌دواداچونی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژمارەی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەن: 22 كونسوڵخانەی گشتیی وڵاتان. 3 كونسوڵخانە كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌ كونسوڵخانه‌ی گشتی كه‌متره‌، 5 نووسینگەی كونسوڵخانە و باڵوێزخانە، 5 كونسوڵخانەی فەخری، 2 نووسینگەی بازرگانیی وڵاتان، 2 ئاژانسی هاریكاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ نووسینگەی نوێنەرایەتیی یۆنامی و نووسینگەی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا.

به‌پێی زانیاری ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی میسر و ئیتاڵیا خواستیان هه‌یه‌ ئاستی نێردەی دیپلۆماسییان له‌ كوردستان له‌ كونسوڵگه‌رییه‌وه‌ بۆ كونسوڵخانه‌ی گشتی بەرز بکرێتەوە، جیا له‌وه‌ش چەند دەوڵەتێک کە نوێنەرایەتییان لە بەغدا هەیە خواستیان هەیە له‌ هه‌ولێریش نوێنەرایەتی بكەنه‌وه‌.

له‌م باره‌وه‌ د.ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی گوتی: چاومان له‌وه‌یه‌ دوای قه‌ته‌ر ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ش نوێنه‌رایه‌تی خۆیان له‌ كوردستان بكه‌نه‌وه‌، كوردستان ناوچه‌یه‌كی گرنگە و شوێنی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانه‌، هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تی هاوسه‌نگ و ڕاست و دروستی هه‌بووه‌ له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ بۆ جیهان زۆر گرنگه‌.
ڕایشیگه‌یاند: پێشبینی ده‌كرێت ئاستی دیپلۆماسی به‌شێك له‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كان و كونسوڵگه‌رییه‌كان له‌ كوردستان به‌رز ببێته‌وه‌ بۆ ئاستی كونسوڵخانه‌ی گشتی و فراوانتربوونی دیپلۆماسییه‌ت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار