ڕزگار ئەنوەر: پارتی بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە

شەقڵاوە -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە شەقڵاوە پێی وایە، ئەنجامدانی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی حزب کاریگەری لەسەر نوێبوونەوەی پارتی دەبێت، دەشڵێ: دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەنجانی ناو پارتی لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە جێی خۆیان بگرن.
ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە حزبێکی دیموکراتیین و دەمانەوێ دیموکراتییەکەمان بە کردار بەرجەستە بکەین، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبیش ئاماژە بەوە کراوە لەدوای کۆنگرە کۆنفرانسە ناوخۆییەکان بەڕێوەبچن، لە دوا کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتیمان بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوخۆییەکان دراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە دەرکردنی ڕێنماییە لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین دەشڵێت: کادیرانی حزب تموحی تایبەتی خۆیان ھەیە و ئەنجامدانی کۆنفرانس تاکە ڕێگایە بۆ ئەو کادیرانەی لەنێو جەماوەردان تا لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە بگەنە ئامانجی خۆیان بۆ بەدەستھێنانی پلەی پارتایەتی، ئەویش لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک و پارتی.
ڕزگار ئەنوەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: باشترین دەرفەت بۆ گەنج بەشداری کردنە لە کۆنفرانسە ناوخۆیەکان بۆ ئەوەی لە نێو ئۆرگانەکانی حزب شوێنی خۆیان بکەنەوە، پێموایە ئەمجارە زیاتر چینی گەنج دێتە پێشەوە و دوای ٧٧ ساڵ پارتی بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە ھەر ئەوەش نھێنی سەرکەوتنی پارتیمانە، چونکە بەردەوام پارتی خۆی نوێ دەکاتەوە و بەرەو پێشەوە دەچێت.
قائید میرۆ




