محەممەد کەمال بۆ KDP: ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک نەکراوە

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک ڕەتیکردەوە ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی کاراکردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە کرابێت و دەڵێ، پارێزگار پشکی کوردە و پارتیش لەگەڵ ئەوەیە کوردێکی بێلایەن لەلایەن ھەرسێ پێکھاتەی کەرکووک بکرێتە پارێزگار.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک نەکراوە، تەنیا لە دوا کۆبوونەوەدا سوودانی داوای کردووە بەھەر نرخێک بێت دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کارا بکرێتەوە.
بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک گوتیشی: یاساکە بەربەستە لەبەردەم کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاو دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک، چونکە شێوازی دابەشکردنی کورسیەکان بەشێوەیەکە دەڵێی بە دەست دابەشکراون ئەوەش نەگونجاوە و بەربەستە لە بەردەم پڕۆسەکە.
لەبارەی مەرجەکانی پارتی محەممەد کەمال دەڵێت: پارتی لەگەڵ ئەوەیە پەلە بکرێت لە کاراکردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە حوکمی ئەوەی کورد زیاترە لە پێکھاتەکانی دیکە پۆستی پارێزگار ئیستیحقاقاتی کوردە، پارتیش لەگەڵ ئەوەیە کوردێکی بێلایەنی مەقبوول لای ھەر سێ پێکھاتەی کەرکووک پۆستی پارێزگار وەربگرێت.
قائید میرۆ




