هەنگاوەكان تۆكمەتر دەبن

كەریم قادر
سەرەڕای كۆسپ و لەمپەرەكان، كە لێرە و لەوێ لەبەردەم پێشكەوتنە خێراكانی هەرێمی كوردستان قیت كراونەتەوە و دەكرێنەوە، بەڵام بە حوكمی ئەو ئیرادە نەتەوەیی و نیشتمانییەی هەیە، هەنگاوەكان بۆ دابینكردنی ئایندەیەكی گەش تۆكمەتر دەبن.
لە سایەی ئەو ئیرادەیەی، كە بە جەماوەرەی كوردستان پشت ئەستوورە، ئەو ورتە ورتانەی ناوە ناوە لەسەر پرۆسەی دۆزینەوە و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەكرێن، لە بێشكەدا دەپوكێنەوە و هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی دروست ناكەن و ناتوانن كوردستان لەو هەنگاوانە پاشگەز بكەنەوە، كە بۆ دروستكردنی سەربەخۆیی ئابووری ناویەتی. پێشبڕكێی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهان بۆ گەیشتن بە قزگەی كوردستان بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگری شكستی ئەو سیاسەتەیە، كە نایەوێ كوردستان لەرووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت، چونكە لە دنیای بەرژەوەندییەكاندا دەنگی كۆمپانیاكان زۆر لە دەنگی دیپلۆماتكاران زولالترە.
لە دوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری سەدام لە 2003-ەوە، كە كورد لە بەرەی باكوردا قوڕسایی لە شەڕی ئازادی و پاشان بنیادنانەوەی عێراقی نوێدا لەسەر بنەمای عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵدا هەبوو، بەوەی عێراقی هەموو پێكهاتەكان بێت نەك تایفەیەك یا حزبێك، هیچ كاتێك پرۆسەی سیاسی عێراق وەك ئێستا لە مەترسیدا نەبووە و ناكۆكی و ململانێكان وا قوڵ و هەڕەشەئامێز خۆیان هەڵنەخستووە، كە بەشێكی زۆری بۆ خۆكڕكردنی ئەمەریكا لە رەفتارەكانی مالیكی و بە هەڵواسراوی هێشتنەوی كێشەكان دەگەڕێتەوە. واتە كێشە كۆن و نوێكانی عێراق زۆر لەوە گەورەترن، كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، تەنانەت لەناو خودی ماڵی شیعەش ناڕازیبوون هەیە، كە عێراق رووەو دیكتاتۆریەت هەنگاو دەنێ، بەمەش زەمینە بۆ دابەشكردنی یەكپارچەیی خاكی عێراق خۆش دەكات.
ئەمەریكا لە بنیادنانەوەی عێراق دوو هەڵەی گەورەی كرد، كە ئێستا نرخەكەی دەدات، بەڵام دەیەوێ بە پرەنسیپی كردنی خەڵكی دیكە (بە قوربانی) لەسەر خۆی هەڵگرێ. یەكەم هەڵەی لە سەرەتای ئازادی عێراقەوە بوو، كاتێك خۆی لە هێزێكی رزگاركارەوە گۆڕی بۆ داگیركار، هەڵەی دووەمی ئەو كاتە بوو، كە بێ چارەسەركردنی كێشەكان هێزەكانی لە عێراق كشاندەوە، تەنانەت لەو بڕیارەشیدا گوێی نە لە هێزەكانی عێراق گرت نە لە فەرماندە سەربازییەكانی، كە شارەزاییەكی باشیان لەسەر گەورەیی و خەتەری كێشەكان هەبوو. لە لایەكی دیكەوە بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكان، عێراقی خەڵاتی ئێران كرد، كە بەرەیەكی سەرسەختی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا. ئەمەش بە نۆرەی خۆی بووە یەكێك لە هۆكارەكانی خۆڕاگرتن و مانەوەی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات.
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر پرۆسەی ئازادی عێراق، كاتی ئەوە هاتووە ئەمەریكا ئەو پرسیارە لە خۆی بكات: چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرجەم كێشەكانی عێراق، وەك كێشەی سیستمی حكومڕانی و كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و كێشەی خۆپشاندەرانی هەرێمی عەرەبی سونەنشین و ناڕەزاییەكانی رەوتی سەدر و ئەوانیدیكە بكەین، كە ماوەیەكە رووبەرووی حكوومەتەكە مالیكی بونەتەوە ؟
ئەگەر ئەمەریكا بە كردەنی دەیەوێ كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات و لە جیهان بگەیەنێن كە سەركەوتنی بەدەست هێناوە، پێویستە بە سیاسەتی خۆی لە عێراق دابچێتەوە و هێندە پێداگیری لەسەر پەكپارچەیی عێراق نەكات، چونكە لە لایەك متمانە لە نێوان پێكهاتەكانی گەیشتۆتە حاڵەتی نەمان، لە لایەكی دیكەوە ئەمڕۆ زۆرینە لەگەڵ رزگاركردنەوە و بە هەرێمكردنی عێراق دان. واتە باشترە نەخشە رێگەكەی جۆزێف بایدن جێبەجێ بكات. بەمەش هەم ئەو دەستانە قوت دەكات، كە بۆ بەرژەوەندی خۆیان عێراق بەكاردێنن، هەم رێزیش لە خوێنی ئەو سەربازانەی خۆی دەگرێ، كە لە پێناو رزگاركردنی عێراق لە دیكتاتۆری و دامەزراندنی عێراقێك، كە جێگەی هەمووانی تێدا بێتەوە، بەختیان كرد.




