٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەو هەڵوێستانەی گەل هەرگیز لە بیریان ناكات

سەرچاوە: KDP.info

مەولود داریاس

ئەو گوتەیەی، كە دەڵی: "بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێ" دەقاودەق بەسەر ئەوانە پراكتیزە دەبێت، كە بۆ مەرامی نەیاران دژی‌ هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانەكانی سەرۆكی كوردستان دەوەستنەوە، بەڵام گەل نەك ئەو هەڵوێستانە لە بیر ناكات، بەڵكو هەمیشە بۆ پشتیوانی كردن لێیان ئامادەی هەموو گیانفیدایەكە.

لەوەتەی ئەو بەشەی كوردستان ( باشوری كوردستان ) بێ ویستی خەڵكەكەی بە عێراق لكێندراوە، گەلی كورد لە خەبات كردن بۆ گێڕانەوەی مافە سرووشتییە زەوتكراوەكانی بەردەوامە، بەڵام هەمیشەش لە ناو خودی كوردستاندا خەڵكانێك بەتایبەتی هەڵپەرست و بەرژەوەندخوازەكان بە شێوەیەك لە شێوەكان و بە پاساوی جۆراوجۆرەوە دژی ئەو خەباتە وەستاونەتەوە، وەستانەوەكانیشیان بۆتە بەشێك لە دژایەتییەكانی نەیاران بۆ ئەو مافانە.

ئەمڕۆ بە لێكدانەوەی هەموو لایەك ( ناوخۆ و دەرەكیەكان ) ئایندەی پرۆسەی سیاسی و خودی عێراقیش بە هۆی رەفتارە تاكڕەوییەكانی مالیكی و كۆنترۆڵكردنی تەواوی جومگەكانی دەوڵەت لەلایەن تاقمێكی حزبی حكومڕانەوە لە مەترسی دایە. هەر بۆیە ئێستا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان پەلەیانە و لە هەڵپەی دۆزینەوەی چارەسەر و رزگاركردنی پرۆسەكە لە هاتوچۆ و دیدار دانە. ئەو كەسەی زۆر زووتر لە هەموو خەڵكی دیكە پەردەی لەسەر ئەو نەخشەیە هەڵماڵی و ئەو تابلۆیەشی بە هەموو لایەك نیشاندا، كە عێراق بە ئاراستەی دروست و رێككەوتن لەسەر كراو‌دا ناڕوات، سەرۆك بارزانی بوو، كاتێك لە نەورۆزی پار وەك خەمخۆر و داكۆكیكارێكی عێراقی دیموكراتی فیدراڵی تەواوی ئەو ئاراستەیەی كەشف كرد، كە مالیكی بە پێچەوانەی دەستوور و رێككەوتنەكان لەسەری دەڕۆیشت، بەڵام لەبەرئەوەی بەرژەوەندییە شەخسیەكان بەری چاوی هەندێكی گرتبوو، لێرە و لەوێ ئەوكات لێكدانەوەی هەڵە بۆ ئەو هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی كرا و ئێستاش ناوە ناوە، وێڕای دەركەوتنی راستییەكان بۆ مەبەستێكی نا كوردانە دەكرێن. ئەوانە هەر بۆ خاتری راییكردنی بەرژەوەندییە شەخسییەكانیان ئەو خەمخۆرییەی سەرۆك بارزانیان هەڵگێڕایەوە و زۆریان هەوڵدا بیخەنە قالبی ناكۆكی شەخسییەوە ( كە خۆشیان بەر لە خەڵكی دیكە ئەوە دەزانن سەرۆك بارزانی هیچ كاتێك بیر لە بەرژەوەندی خۆی ناكاتەوە)، بەڵام لەبەرئەوەی فاكتەكان لە هەوڵەكانیان بەهێزتر بوو. بۆیە ئێستا هەموولا (بێجگە لە دەوڵەتی یاسا و بەرژەوەندخوازەكانەوە نەبێت) لەسەر ئەوە كۆكن، كە بەڵێ زۆر راستە عێراق لەلایەن عەقڵیەتێك حكومڕانی دەكرێ، سەت بەردی لە پشت رژێمی پێشوو داوە. بۆیە لەو هۆشداریدان و بە ئاگاهێنانەوە و بەرخودانەدا ( نەورۆزی 2012 ) دەبێ سەرجەم لایەنەكان لە بەرایی هەمووانەوە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە سوپاسگوزاری سەرۆك بارزانی بن.

بەڵام ئەو پرسیارەی دەمێكە لە هزرمدا پەنگی خواردۆتەوە، ئەوەیە: عێراق رووە و دیكتاتۆری هەنگاوی دەنا، كەسیش ورتەی لێوە نەدەهات، بۆ و لەپێناو چیدا سەرۆكی كوردستان هاتە دەنگ و خاڵی لەسەر پیتەكانی پرۆسەی سیاسی دانا؟

سەرۆك بارزانی دڵسۆزی خوێنی شەهیدانە و هیچ بەرژەوەندییەكی شەخسیشی لە بەلاڕێدا بردنی پرۆسەكەدا نییە، بە پێچەوانەی ئەوانیدی، كە لە پشێویدا سەفقاتەكانیان چاكتر و خێراتر رێ دەكەن.كەواتە، پەیامەكەی سەرۆك بارزانی هەم عێراقیانە بوو، هەم نەتەوەییانە.

 بە دیوێكی دیكە كام سەركردەی كورد بەو بوێرییەی سەرۆك بارزانی پەنجەی لەسەر كرۆكی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ داناوە، كە كێشەكانمان، كێشەی نەتەوە و خاك و سنوورن‌؟

ئەم راستیانە دەمانگەیینە ئەو بیروباوەڕەی، كە گەلی كوردستان هەم لە هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی دەگەن، هەم لەو هەوڵانەش دەگەن، كە بۆ بچووك كردنەوەی كورد دەدرێن. واتە هیچ كاتێك لەژێر هیچ فشارێكدا ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانانە لە بیر ناكات، كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە تاك بە تاكی ئەو خەڵكە بوێرە هەیه، كە هیچی لە نەتەوەكانی هاوسێیدا كەمتر نییە.

بۆ نموونە هەرگیز ناتوانن ئەوە لە بیر بكەن، كە سەرۆك بارزانی بوو لە سەردەمی مەجلیسی حوكم و لە سەروبەندی داڕشتنی پرۆژەیاسای دەستووری عێراقیدا شكستی بە فیدراڵیەتی پاریزگاكان هێنا، كە لە بنەڕەتەوە خەنجەر وەشاندن بوو لە هەرێمی كوردستان. هەر سەرۆك بارزانی بوو مۆتەكەی ترسی بە رەتكردنەوەی بەرزكردنەوەی ئاڵای بەعس شكاند، ئەو ئاڵایەی لەژێریدا هاووڵاتی كورد زیندە بەچاڵ دەكرا و خاكیشی لەگەڵ زەوی تەخت دەكرا. هەر سەرۆك بارزانی بوو لە كاتی پێویستدا بە رووی پەلكێشی سوپا بۆسەر خاكی كوردستان وەستایەوە و هێزی پێشمەرگه‌ی‌ بۆ پارێزگاریكردن لە سنووری هەرێمی كوردستان رەوانكرد، كە ئەو كات خەڵكانێك پێیان وابوو ئەمە یاریكردنە بە ئاگر، بۆ بێ ئومێدكردنی خه‌ڵك بەرنامە و راپۆرتیان لەسەر دەكرد، بەڵام كە ئەنجامەكەی بە سەركەوتن بۆ كوردستان كەوتەوە، هەموو لە هەموو خۆیان كرد بە خاوەنی. لە هەمووشی گرنگتر بڕیاری بە سەربەخۆكردنی كوردستان بوو لەرووی ئابوورییەوە، چونكە هەمیشە بەرژەوەندخوازەكان خەڵكی كوردستانیان بەوە دەترساند، كە ئەگەر بەغدا پارەمان نەدەداتێ، لە برسان دەمرین، بەڵام ئەوە سەرۆك بارزانی بوو، سەرەڕای كۆسپەكان ئەو بڕیارەی دا، ئێستاش بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بووە، كە لە پێناو ئایندەی گەش بۆ جەماوەر پاشەكشەكردن لەو فەرهەنگەدا بوونی نییە تا بە دوا ئامانج دەگات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار