وەزیری تەندروستی لە ڕێگەی KDPیەوە بەشداریان لە کۆبوونەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەخاتەڕوو
جنێف-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداریکردنمان لە حەفتاو حەوتەمین کۆبوونەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان بەھێزتر دەکات و دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ھەماھەنگیی زیاترمان لەگەڵ وڵاتان ھەبێت و ھاوکاری و پاڵپشتیی ئێمە بکرێت لە کەرتی تەندروستیدا.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دووەم ساڵە بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەکەین، کە ئەو رێکخراوە یەکێکە لە گەورەترین رێکخراوی تەندروستیی جیھانی و چاودێریی تەندروستی لە ھەموو جیھان دەکات، کە دابەشی سەر پێنج زۆن کراون، ئەوەی ئێمە تێیدا بەشدارین وەکو ھەرێمی کوردستان، لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیایە، چونکە لە تەندروستیدا سنوور نییە و دروشمی کۆبوونەوەی ٧٧مینی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، تەندروستی بۆ ھەمووانە".
بەرزنجی گوتیشی: "گرفتی زۆر گەورەی تەندروستی لە جیھاندا ھەیە و زۆر وڵات تا ئێستا ڤاکسینی پێنەگەیشتووە و ھەندێکیش مەترسیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشییان ھەیە لەگەڵ چەندین گرفتی دیکەی تەندروستی، بۆیە گرفتێک لە وڵاتێک ھەبێت، گرفت بۆ وڵاتی دیکەش دروست دەبێت، بێگومان ھەرێمی کوردستانیش جوانترین نموونەیە، کە سەرەڕای ئەوەی ئاوارەیەکی زۆر ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و کۆرۆنا ھەبووە، ئەمانە لێکەوتەیان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبوو، کە بەشێکی زۆری ھی وڵاتانی دیکە بووە لێکەوتەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، ئەمە وادەکات جیھان ھەمووی ھەماھەنگیی ھەبێت، بۆیە ئەمە دووەم جارە شاندی فەرمیی ھەرێم بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا دەکات، ئەمەش پێگەی فەرمیی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان بەھێزتر دەکات و زیاتر دەناسرێت و دەرفەتێکیش ھەبوو کۆمەڵێک کۆبوونەوەمان ئەنجام دا، بەتایبەت لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانی و داوەتمان کردن بێنە ھەرێمی کوردستان".
دکتۆر سامان ئاماژەشی دا: "لەو کۆبوونەوەیەی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیدا، بە گشتی باسی دۆخی تەندروستی کرا و ئێمە لەگەڵ رێکخراوەکە باسی کۆمەڵێک بابەتی ستراتیژمان کرد، وەکو پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پاڵپشتییان بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە سنوورمان لەگەڵ چەندین وڵات ھەیە و ئاوارەیەکی زۆرمان ھەیە و سیستەمی بوودجەی ئێمە لە حاکیمە دەدرێت لە عێراق و لێکەوتەی ئابووری و سیاسی و ژینگەیی لە ناوچەکەدا، کاریگەری لەسەر ھەرێم ھەیە و باسمان لە ریفۆرمی کەرتی تەندروستی کرد، کە ئێستا لەو قۆناغەداین، ئەو رێکخراوەش ھاوکارمان بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان بە ھەمان شێوە و لە دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی زیاتر ھاوکاریمان بکرێت و بەشداریکردنی ھەرێم لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان و سوودیان لێ وەرگرین".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "بەشداریکردن لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا، پێگەی ھەرێمی کوردستان زیاتر بەھێز دەکات و ئێمە توانیمان لە سەردەمی کۆرۆنا ئۆفیسی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە ھەرێم بکەینەوە و لە ڕووی لۆجستی و نەخۆشیی گوازراوە ھاوکاریمان بکرێت، جگە لەوەش پەیوەندیمان لەگەڵ وەزیری تەندروستیی کۆمەڵێک وڵات ھەیە، وەکو سعودیە و ئەمساڵیش دەزگای خێرخوازیی مەلیک سەلمان دوو جار سەردانی کردووین و پاڵپشتیی ئێمەیان کردووە لە چەند پڕۆژەیەک و داوایان کرووە ئێمەش سەردانیان بکەین و کۆمەڵێک کۆنفڕانسی دیکە ھەن، ئێمەش بەشدارییان تێدا بکەین، جگە لەوەش ئێمە بەشدار بین لە داڕشتنی سیاسەتی تەندروستیی جیھانی و ھەرێمی کوردستانیش بەشێک بێت لە ھەموو پرسەکان، وەکو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوھەوا".
دەشڵێت: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان حەوت ملیۆن ھاووڵاتی و ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەر و ئەوانەی لە ھەرێم کار دەکەن ھەیە و دێن چارەسەر وەردەگرن، ئەمەش فشارێکی زۆرە و ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی سیاسەتی مرۆڤایەتیی کردووە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٣ یەکەمین وەجبەی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان ھاتن بۆ ھەرێم و سەرۆک بارزانی خۆی سەردانی کەمپی کەورگۆسکی کرد و داوای کرد نابێت جیاوازیی ئەوان لەگەڵ خەڵکی خۆمان بکرێت، بۆیە بەردەوام ھەموو جۆرە چارەسەرییەکیان بۆ دەکرێت، ئەمەش لای رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بە ھەند وەرگیراوە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەمیشە پاڵپشتیی ئاوارە و پەنابەران دەکات، ئێمەش راسپاردەکانی جەنابیان جێبەجێ دەکەین".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی: "کۆبوونەوەکە بە بەشداریی چەندین وڵات بەڕێوە دەچێت و ماوەی ھەفتەیەک دەخایەنێت لە ٢٥ی٥ تاوەکو ١ی٦ بەردەوام دەبێت، ئێمەش بەشداریمان لە دوو کۆبوونەوەی وەزیرانی تەندروستیی وڵاتانی عەرەبی و دۆستانی خۆمان لە وڵاتانی عەرەبی کرد، کە ھاوکاری ئێمە بوون و پاڵپشتیی ئێمەیان کردووە، لە ئاستی وڵاتانی ئەورووپاش بە ھەمان شێوە، کە لە چوار ساڵی رابردوودا بە دەیان ملیۆن دۆلار ھاوکاریمان کراوە لە دەرمان و دروستکردنی بنکەی تەندروستی، بۆیە ئەمانە ھەمووی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان بەدەست ھاتوون".
بڵند ئیبراھیم




