٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێیەمین لیستی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، سێیەمین لیستی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، کە ناو و زانیاریی ٢٥٥٧ فەرمانبەری تێدایە، ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کراوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان…

ڕۆژی پێنجشەمەم، ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای پڕۆژەی “ھەژماری من” و بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاریی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ سێیەمین ھەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەستا بە ناردنی زانیاریی (٢٥٥٧) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی ھەرێمی کوردستان.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)، وەزارەتمان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی “ھەژماری من” ھەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پڕۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و ھەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.

لە ماوەی سێ ھەفتەی ڕابردوودا، وەزارەتی دارایی و ئابووری، داتا و زانیاری بە سێ لیست بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ناردووە، لیستی یەکەم (٣٦٨) فەرمانبەر و لیستی دووەم (٤٥٣) فەرمانبەر و لیستی سێیەم (٢٥٥٧) فەرمانبەر بوون، تا ئێستا کۆی گشتیی داتا و زانیاریی (٣٣٧٨) فەرمانبەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI). وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری، چاوەڕوانین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بە قۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

٣١ی ئایاری ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار