مەسروور بارزانی لەگەڵ نووری مالیکی کۆبووەوە
بەغدا-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە، ھەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدڕاڵی عێراق و قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٤ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و ھەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ کرا.
ھەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدڕاڵی عێراق و قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی بەشە بوودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێم لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیی فیدڕاڵدا کردەوە.
ھەروەھا دووپات لە گرنگیی بەردەوامبوونی ھەماھەنگیی و ھاریکاری نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە پێناو تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکان کرایەوە بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی ئیدارەی دەوڵەت و کارنامەی وەزاری حکوومەتی فیدڕاڵ.




