مەسروور بارزانی لەگەڵ فایەق زێدان کۆبووەوە
بەغدا-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوونەوە و ھەردوولا ھاوڕابوون لە سەر پشتیوانیکردنی ھەوڵ و گفتوگۆکانی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گشت کێشەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٤ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پشتیوانیکردنی ھەوڵ و گفتوگۆکانی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گشت کێشەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە گرنگیی سەربەخۆیی دادگاکان بەشێوەیەک نابێت بڕیاری دادگاکان ببێتە ھۆی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی گشتیی و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەکان و ھاووڵاتییانی عێراق بەگشتی.




