دوو پسپۆر لەڕێگەی (KDP)یەوە کاریگەری نەمانی تیمی”یۆنیتاد” شی دەکەنەوە

دھۆک-KDP.info- نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی تایبەتی بەناوی (یونیتاد) بۆ عیراق پێکهێنا بۆ کۆڵینەوەی تاوانەکانی داعش و تاوانەکانی جەنگ، دوایی نۆ ساڵ کاردکردن و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٤ کۆتایی بە کارەکانی دێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری کریستیان ڕیتشەر، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) ڕایگەیاندووە: "ئایا کارەکە بە ئەنجام گەیشتووە؟ هیشتا ماوە و ئەوەش تەواو ڕوونە".
لای خۆیەوە فەرهاد عەلائەدین، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند: لە ڕوانگەی بەغداوە چیتر پێویستیمان بە تیمی یۆنیتاد نییە، چونکە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا هاوکار نەبوون.
ڕیتشەر جارێکی تر ڕایگەیاند ئەوان پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ ئەوەی زیاتر بەڵگە کۆبکەنەوە، هێشتا کارەکانیان تەواو نەبووە.
پسپۆران پێیان وایە، نەمانی تیمی یۆنیتاد لە عێراق کاریگەری لە سەر زۆر پرس دەبێت، پسپۆرێکیش دەڵێت: دیار نییە ئەو بەڵگانەی تیمەکە کۆیکردوونەوە ڕادەستی کێ دەکرێن.
دکتور خەلیل ئەتروشی، بەڕێوبەری ناوەندی خوێندنەوەی ئاشتی و چارەی ناکۆکییەکان لە زانکۆی دهۆک دەڵێت: بابەتی یۆنیتاد بابەتێکی هەستیارە، شارەزایان بەجێهێلانی تیمی یۆنیتاد بە مەترسییەکی گەورە دەزانن، بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق و یۆنیتادیش هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن لە هاوکار نەبوونیان لەگەڵ یەکتری.
ئەتروشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی عێراق یۆنیتاد تۆمەتباردەکات بەوەی بەڵگەکانی جینۆساید و داعشیان پێنادا.
ئەتروشی ڕۆیشتنی یۆنیتاد لە عێراق بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت: چونکە دیار نییە کێ پرۆسەی دادپەروەری وەردەگرێت، هێشتا دیار نییە بەدیلی یۆنیتاد کێ دەبێت بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان، دوای نەمانی یۆنیتاد ئایا حکوومەتی عیراق دەتوانێت ئەو مەلەفە هەستیارانە بوروژێنێتەوە و بەدوایدا بچێتەوە و بیکاتە بەڵگە؟
ڕوونیشیکردەوە: هێشتا هەندێک مەلەف و پرسی ئەو بابەتە ڕوون نین چونکە دیار نییە یۆنیتاد ئەو بەڵگانەی چەند ساڵە کۆیکردوونەتەوە چیان لێ دەکات و کێ پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەردەگرێت؟
هاوکات، دادوەر ئەیمەن مستەفا، دادوەری دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە تاوانی داعش دەڵێت: لەسەر ئاستی ناوخۆ، یونیتاد تاکە دامەزراوە بوو کە لەسەر ئاستی عێراق بەڵگەی کۆدەکردەوە و ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەبوو.
دادوەر ئەیمەن موستەفا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستان گوتی: لەسەر ئاستی یاسایی .. دەرفەتێک بوو بۆ عێراق، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی دادپەروەری کاتی بۆ قۆناغی دوای داعش، بەڵام تەواو نەبوو.
گوتیشی: دەرفەتێک بوو بۆ عێراق کە یاسا نیشتمانییەکانی بەرزبکاتەوە بۆ ئەو ئاستە یاساییانەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بنیاتنانی تواناکانی دەسەڵاتی دادوەری لەخۆ دەگرێت.
موستەفا دەڵێت: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بێهیوابوون لەوەی ئەرکەکەیان تەواو نەکردووە، بەو پێیەی ئەو ئەرکە سەرچاوەی بەڵگە بوو بۆ ئەو وڵاتانە و زۆر دامەزراوەی دیکەی جێبەجێکردنی یاسا.
چونکە ئێستا ئەم دۆسیەیە لەڕووی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانەوە ناتەواو بووە، وڵاتانی ئەندامیش سەرچاوەی فەرمی خۆیان لەدەستداوە بەهۆی ئەوەی بەڵگەیان بۆ دابینکردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن.
لە کۆتایدا گوتیشیی: کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونیتاد کەلێن و بۆشایی لە دۆسیەی دادپەروەری ئینتقالی دوای داعش دروستدەکات.
قوربانیانی دەستی داعش هێشتا لە ئاوارەبووندان و چاوەڕوانی جێبەجێکرنی دادپەروەرین و دوودڵن لەو بڕیارە.
کاروان باعەدری




