قاسم ئەعرەجی: سەردانەکەی مەسروور بارزانی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

بەغدا-KDP.info- سهرۆكوەزیران مەسروور بارزانی دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور لە بەغدایە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش دەڵێت، سەردانەکەی مەسروور بارزانی "دەرفەتێکی زێڕینە".
لە سەرەتای سەردانەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی کرد و دواتر هەردووکیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی گوتی، "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و حزبە سیاسییەکان "دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا (لەنێوان هەولێر و بەغدا) ماون". وەکو خۆی گوتی، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی، بە مەبەستی "پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکە (رێڕەو)ـی خۆی".
لە وەڵامی پرسیاری "کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە کوێ گەیشت" سەرۆکوەزیران بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: "لەسەر ئەمەش باس دەکەین و ئینشائەڵڵا چارەسەر دەبێت".
لەلایەن خۆیەوە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "تێگەشتنی نێوان بەغدا و هەولێر هێزێکی زیاتر بە عێراق دەدات؛ خاڵی هاوبەشمان زۆرە و کاردەکەین بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور و پێدانی (شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان)".
لەبارەی کۆبوونەوەکەی مەسروور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کە بڕیارە ئەمڕۆ بکرێت، ئەعرەجی گوتی، کۆبوونەوەکە "دەرفەتێکی زێڕینە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی".




