ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و قاسم ئەعرەجی

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسروور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، لەبەغدا، لهگهڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق كۆبووهوه.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، له كۆبوونهوهكهدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخى ئهمنیى عێراق بە گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی مهترسى و ههڕهشهكانى تیرۆر کرا و جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا.
ڕاوێژكارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاماژەی بەوە داوە، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوورییە و بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە دەبێت باشترین پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەبێت.
ئاماژە بەوەش کراوە: "سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پێشوازی گەرم و دۆستانەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراقی کرد و دووپاتی کردەوە کە لە ڕووی ئەمنییەوە، هەماهەنگییەکی باش لەنێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە و هیوادارین ئەم هەماهەنگییە باشە لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا ڕەنگ بداتەوە".




