سەرۆکی دەستە كاتی سەرژمێریی گشتی عێراق و ھەرێم بۆ KDP ئاشكرا دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە تەواوی ھەرێمی کوردستان سەرژمێریی ئەزموونی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی تەواومان کردووە و ماوەی ١٤ رۆژ بەردەوام دەبێت دەشڵێ، بڕیارە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی ئەزموونی، ھەر ئەمساڵ لە ۲۰ی ۱۱ پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.
سیروان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سبەی لە تەواوی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەرژمێریی ئەزموونی، واتا تاقیکردنەوە بەڕێوە دەچێت و لە ھەرێمی کوردستان لە پارێزگاکان ھەندێک گەڕەک و شوێن دیاری کراون، بۆ ئەوەی فۆڕم و سیستمی پرۆسەکە ھەمووی تاقی بکەینەوە و ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی و ھیچ گرفتێکی نەبێت".
محەمەد گوتیشی: "پرۆسەکە ١٤ رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەو تیمانەی پێکھاتوون بەسەر ئەو گەڕەک و شوێنانەدا دابەش کراون، کە کاری سەرژمێریی ئەزموونییان لێ بەڕێوە دەچێت، بۆیە تیمەکان ئامادەن و سبەی پرۆسەکە دەست پێدەکەن، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت".
سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، بڕیارە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی ئەزموونی، ھەر ئەمساڵ لە ۲۰ی ۱۱ پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.
بڵند ئیبراھیم




