سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر سێ نەخۆشخانەی چارەسەری ماددەی ھۆشبەر دەربڕیوە

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان دەڵێت: بەکارھێنان و بارزگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر لە ھەڵکشاندایە و سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ دروستکردنی سێ نەخۆشخانە.
د.سەلاح ئەنوەر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەندامی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ژمارەی ئەو کەسانەی لە ھەرێمی کوردستان ماددەی ھۆشبەر بەکاردێنن و بازرگانی پێوەدەکەن لە ھەڵشکاندایە و لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام حکوومەت ھەوڵی کەمکردنەوەی دەدات، بەشێک لەو کەسانەی لە وڵاتانی دەوروبەر دێنە ھەرێمی کوردستان ھۆکارن بۆ گواستنەوەی ماددەی ھۆشبەر.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: بەپێی ئەو پڕۆژەیەی وەزیری تەندروستی پێشکەشی سەرۆکی حکوومەتی کردووە، مەسروور بارزانی ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ دروستکردنی سێ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ماددەی ھۆشبەر بەکاردێنن.
د.سەلاح ئەنوەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ڕاستە ھەندێ حاڵەتی رووبەڕوونەوە لەنێوان بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر و ھێزە ئەمنیەکان لەکاتی ھەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتباران هەبووە، بەڵام ھەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئاستی ھاوشێوەی ھەندێ وڵات باندی گەورەی لێ دروست ببێت.
قائید میرۆ




