٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.ناسیح غەفوور: شۆڕشی گوڵان بووە ھەوێنی چەندین دەستکەوتی گەورە

سەرچاوە: KDP.info

ئەوروپا -KDP.info- لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگەی وێبنارەوە سیمینارێکی بۆ د.ناسیح غەفوور سازکرد، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: شۆڕشی گوڵان بووە ھەوێنی چەندین دەستکەوت و سەرکەوتنی گەورە بۆ گەلی کورد و کوردستان، گرنگترینیان ڕاپەڕین و دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

د.ناسیح غەفوور لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاشکرایکرد: ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ بڵێسەی ئاگری شۆڕشی گوڵان بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و شەھید ئیدریس بارزانی ھەڵگیرسا، ئەویش دوای ئەوەی بارزانی نەمر ڕەزامەندی و پڕۆژەی دەستپێکردنەوەی شۆڕش پەسەندکرا، دوای کۆبوونەوەی نەغەدە لە ڕۆژی ٢ی مانگی نیسانی ١٩٧٥ لەلایەن بارزانی نەمرەوە سەرۆک بارزانی ڕاسپێردرا بۆ ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حزب و ڕێکخستنەوەی ئورگانەکانی شۆڕش بە شەھید ئیدریس بارزانی سپێردرا.
دواتر سەرۆک بارزانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی ئێرانەوە دوورخرایەوە بۆ شاری تاران، دوای ڕاوێژ و دانوستان شەھید ئیدریس بازرانی سەرپەرشتی کاروباری ئاوارەکانی ئێرانی گرتە ئەستۆ، سەرۆک بارزانیش ئەرکی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی لە باشووری کوردستان گرتە ئەستۆ.
ئەو بەشداربووەی شۆڕش گوتیشی: سەرەتا بڕیاری دروستکردنی دوو ھەرێم درا، ئەوانیش ھەرێمی سۆران و ھەرێمی بادینان کە ھێلی ھاملتۆن جیایان دەکاتەوە، ھەرێمی بادینان لەلایەن جەوھەر نامیق سالم و کەریم شنگالی سەرپەرشتی دەکرا، عارف تەیفووریش کرایە سەرپەرشتی ھەرێمی سۆران، بەڵام عارف تەیفوور لەلایەن دەزگای ساواکەوە دەستگیرکرا و لە شوێنی ئەو دکتۆر کەمال کەرکووکی سەرپەرشتی ھەرێمی سۆرانی دەکرد، لە ناوخۆی ئێرانیش شەھید ئیدریس بارزانی لەگەل موحسین دزەیی و فەلەکەدین کاکەیی ھاوکاریان دەکردن بۆ رێکخستنەوەی ئاوارەکان، بۆ ئەوروپاش دکتۆر سامی عەبدولڕەحمان دیاری کرا، کاک عومەر ڕەزاش لەلایەن ساواکەوە دەستگرکرا، ئەگەرنا ئەویش لەگەڵ دکتۆر سامی دیاری کرابوو بۆ کاروباری قوتابیان لە ئەوروپا.

د.ناسیح غەفوور ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دەستەیەکی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی سەید عەبدوڵڵا گەیشتنەوە باشووری کوردستان، لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لەگەڵ سەربازانی ڕژێمی عێراق تووشی پێکدادان بوون، بەداخەوە لەو شەڕەدا سەید عەبدوڵڵا شەھیدبوو، پێنج پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بە ھێزەکەی ڕژێم گەیشت و ھەشت سەربازی عێراق کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ھەر ئەو ڕۆژەش بووە دەستپێکی بەرپابوونی شۆڕشی گوڵان، بە درێژایی ساڵانی شۆڕش چەندین داستان و نەبەردی قارەمانانە تۆمارکران و شۆڕشی گوڵان بووە ھەوێنی چەندین دەستکەوتی گەورە وەک ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێم، ھەتا ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستانیش دەستکەوتی شۆڕشی گوڵانە و تا مێژوو ماوە لەھزری تاک و جەماوەری کوردستان ناچێتەوە.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار