لە نزیکترین کاتدا کۆنفڕانسی ناوخۆیی پارتی ئەنجام دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیدا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی، بڕیار درا کۆنفڕانسی ناوخۆیی حیزب ئەنجام بدرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا دوای دەرچوونی رێنمایی و دانانی میکانیزمێک، کۆنفڕانسەکە دەست پێدەکات.
ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی بڕیار درا کۆنفڕانسی ناوخۆیی حیزب ئەنجام بدرێت، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا کۆنفڕانسەکە ئەنجام بدرێت، چونکە لە پەیڕەوی ناوخۆی حیزبدا دیاری کراوە و رێنمایی و میکانیزمی ئەنجامدانی کۆنفڕانسەکان لەلایەن دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەردەچێت".
گەیلانی گوتیشی: "دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رێنمایی دەرکات و میکانیزمێک دادەنرێت و بەپێی ئەو میکانیزم و رێنماییانە دەست بە کۆنفڕانسی ناوخۆیی حیزب دەکرێت لە سەرجەم لقەکان، لە بنکەکانەوە تاوەکو دەگاتە ئاستەکانی دیکە، بەڵام بەرپرسی لقەکان ناگرێتەوە و ئەوانەی دیکە ھەمووی دەگرێتەوە، بۆیە بڕیارە بە زووترین کات کۆنفڕانسی ناوخۆیی حیزب ئەنجام بدرێت".
بڵند ئیبراھیم




