٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP كاتی كردنەوەی قەڵا بە ڕووی ھاووڵاتیان و گەشتیاراندا ئاشكرا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر بەردەوامە و سەرۆکی حکوومەت خۆی سەردانی کردووین و گرنگییەکی زۆر بە نۆژەنکردنەوەی قەڵا دەدات. دەشڵێ، بڕیارە دوو مانگی داھاتوو قەڵا بە ڕووی ھاووڵاتیان و گەشتیاراندا بکرێتەوە.

نیھاد قۆجە، سەرۆکی کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر بەردەوامە و ماستەرپلانێک ھەیە بەپێی ئەوە کاری خۆمان دەکەین، ساڵی ٢٠٠٩ ئەوکات ٢٠ تا ٢٥ ساڵ بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵا دیاری کرابوو، ئێمە بە ھۆی قەیرانی دارایی و ھاتنی کۆرۆنا و ماوەیەکی زۆر بەھۆی ئەوەی حکوومەت بە دۆخێکی دارایی خراپدا تێپەڕ بوو، نەمانتوانی وەکو پێویست کاری زۆر بکەین".

قۆجە گوتیشی: "ئەوەی دەکرێت لە رێگای کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا و پاڵپشتیی دارایی شێخ بازە و کاری باشمان کردووە لە تەواوکردنی ژێرخانی قەڵات و نۆژەنکردنەوەی خانووەکان، ئێستاش لە قۆناغی دروستکردنی شەقامی ناوەڕاستی قەڵاداین لە ژێر سەرپەرشتیی یونسکۆ، لەبەر ئەوەی نۆژەنکردنەوەی قەڵا ھەندێک زەحمەتە بەھۆی شێوازی دروستکردنی قەڵاکەوە، کە کۆڵانەکانی زۆر تەسکن و خانووەکانی نۆژەنکردنەوەیان زەحمەتە، بۆیە پێویستە بە وردی کاری خۆمان بکەین".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ئێستا زیاتر لە قۆناغی نۆژەکردنەوەی رێگا و شەقامە ناوخۆییەکان و گۆڕەپانەکانی ناو قەڵاین و لە دوو مانگی داھاتوودا تەواو دەبێت و دەرگای قەڵا بە ڕووی ھاووڵاتیان و گەشتیاراندا دەکرێتەوە و دەست بە چالاکیی جۆراوجۆر دەکەین، چونکە چوار مۆزەخانەی لێیە و کار دەکەین بۆ کردنەوەی چەند چایخانە و قاوەخانە و خواردنگەیەک لەناو قەڵا، بۆیە ئێستا زیاتر فۆکسمان لەسەر دروستکردنی شەقامی ناو قەڵایە و خانووەکانیش لەسەر شێوازی خۆی نۆژەن دەکرێنەوە، کە لە ھەر شوێنێک کەرستەی نوێ بەکار ھاتبێت، لایدەبەین و ئەوەی کۆن وەکو خشت بەکاری دەهێنین".

دەشڵێ: "پێش سێ رۆژ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی سەردانی قەڵای کرد و لە نزیکەوە گوێی لە کێشەکانی ئێمە گرت، کە بڕیارە ھەندێک گرفتمان بۆ چارەسەر بکات و ھەندێکیشی درێژخایەنە و پێویستی بە کات ھەیە، بۆیە ھیوادارین سەرەڕای گرنگیدانی بە قەڵا، بەھۆی قەیرانی داراییەوە زۆر شتمان بۆ ڕوون کردەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بۆمان چارەسەر بکات، چونکە خۆی گرنگییەکی زۆر بە نۆژەنکردنەوەی قەڵا دەدات، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە نۆژەن بکرێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار