لە زاخۆ یادی شۆڕشی گوڵان بەرز راگیرا

زاخۆ-KDP.info- دوای تێپەڕینی ٤٨ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، لقی ٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەژێر چاودێری سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دھۆک لە مەراسیمێکی تایبەتدا، بە شکۆوە یادی شۆڕشی گوڵانی کردەوە.
جەبار حەجی، بەرپرسی ڕێکخستنی لقی ٨ی پارتی لە زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەبۆنەی ٤٨مین ساڵوەگەڕی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان لقی ٨ی پارتی لە زاخۆ، بەئامادەبوونی سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دھۆک و عومەر ئۆرەیی بەرپرسی لقی ٨ و گوھدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و د.ڤیان سلێمان یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دھۆک لە مەراسیمێکی تایبەتدا، یادی شۆڕشی گوڵانی بەرز ڕاگرت.
بەرپرسی ڕێکخستنی لقی ٨ی پارتی لە زاخۆ گوتیشی: یادی شۆڕشی گوڵان بە چەند چالاکییەکی ھونەری و پێشاندانی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بەڕێوەچوو، مەبەستیشمان لە یادکردنەوەی ئەو شۆڕشە ئاماژەدانە بەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەستھاتوون کە هەمووی بەرھەمی پێشمەرگە و شۆڕشی گوڵانن، ھاوکات ھەر لە سنووری لقی ٨ی پارتی بە ئامادەبوونی بەرپرسی لق سەردانی پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول کرا.
جەبار حاجی گوتیشی: شۆڕشی گوڵان سەلماندی خەباتی کورد کۆتایی نایەت، ھەموو ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەستھاتوون بەرھەمی پێشمەرگە و شۆڕشی گوڵانن، دەتوانم بڵێم شۆڕشی گوڵان لە ساتی نائومێدیدا کوردی گەیاندە گەورەترین سەرکەوتن، بۆیە بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانینە خەباتی پێشمەرگەکانی ئەو شۆڕشە.
هەڵکەوت محەممەد





