قەتەر سێ پڕۆژە لە زاخۆ جێبەجێ دەکات
_-_Zakho__2024_05_28_h17m48s1__HK.jpg)
زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆ گوتی: شاندێکی قەتەر سەردانی ئێمەیان کرد، بڕیارە سێ پڕۆژە لە زاخۆ جێبەجێ بکەن و بەرھەمی ناوخۆی زاخۆش ھەناردەی وڵاتی قەتەر بکرێت.
بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆ، ئەندازیار جەگەرخوێن تاهر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شاندێکی وەبەرھێنەرانی قەتەر سەردانی ئێمەیان کرد و ئێمەش کۆمەڵێک دەرفەتی وەبەرھێنانمان پێشکەشکردن، جارێ تەنیا سێ پڕۆژەیان پەسەند کردووە، یەکێک لەوانە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵە لەسەر ڕووبەری هەزار دۆنم لە نزیک سکری زاخۆ، زەویمان بۆ دیاری کردوون، پڕۆژەیەکی دیکە پیشەسازییە، کارگەیەکی گۆشت دروست دەکرێت، ٢٥ جۆری گۆشت بەرھەم دێنن، پڕۆژەی سێیەم براندێکی خواردنگەی مسرییە و زنجیرەیەک خواردنگە بەناوی بازوکا لە کۆرنێشی زاخۆ و پردی دەلال دروست دەکرێت.
جەگەرخوێن تاهر گوتیشی: هاوکات باسی باشی بەرھەمی ناوخۆشمان کرد، بڕیارە ھەماھەنگی لەگەڵ وەبەرھێنەرێکی ناوخۆ بکەن بۆ ئەوەی ھەنار، ھەنگوین، ئاوی خواردنەوە و زەیتیزەیتوون کە بەرهەمی براندێکی زاخۆن بۆ قەتەر هەناردە بکرێ.
دەشڵێت: لە ١٥ ڕۆژی داھاتوودا تیمێکی تەکنیکی خۆیان ڕەوانەی زاخۆ دەکەن بۆ ئەوەی نەخشە و پلان و ڕێکاری پێویست ئەنجام بدەن و دەست بە پڕۆژەکانی خۆیان بکەن، ئەوکاتیش سەرمایەی پڕۆژەکە دیاری دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




