٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆنی عێراق: ھاووڵاتییان دەتوانن لە ١٧٣ بنکەی تۆماری دەنگدەران خۆیان تۆمار بکەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ئەوانەی لەدایکبووی (٢٠٠٦)ن، ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە و ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە دەتوانن لە ھەرێمی کوردستان لە ١٧٣ بنکەی تۆماری دەنگدەران ناویان تۆمار بکەن.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و بەردەوامە بۆ ئەوانەی لەدایکبووی (٢٠٠٦)ن، ئەوانەی تائێستا خۆیان تۆمار نەکردووە و ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، بۆیە هەموویان دەتوانن سەردانی نزیکترین بنکەی تۆماری دەنگدەران بکەن، هاوکارییان دەکرێت بۆ ئەوەی ناویان تۆمار بکەن و کێشەکانیان چارە بکرێت کە لە تەواوی هەرێمی کوردستان ١٧٣ بنکە پێشوازییان لێ دەکات.

جومانە غەلای گوتیشی: هەندێک لەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە پەنجەیان قرتاوە یاخود کاری کیمیاوی دەکەن یان نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە و تەمەنیان زۆرە، لای ئێمە حیساب دەکرێن و دیارن، بەڵام ئەوانەی  پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، دەرفەتێکی باشیان بۆ ڕەخساوە و دەتوانن سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن و ناویان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە دەنگدان بێبەش نەبن، بۆیە دەتوانن ڕۆژانە سەردانی نزیکترین بنکە بکەن و ناویان تۆمار بکەن.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار