٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چوار بەنداوی تازە لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوە ئاویەکان لە ھەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە کەرتی ئاو داوە، ئێستا بڕیارە بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق چوار بەنداوی گەورە لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن.

دکتۆر کاروان ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوە ئاویەکان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا گرنگی زۆری بە بابەتی گۆڕانی ئاووھەوا و بە تایبەتیش بە سێکتەری ئاو داوە، بۆیە گۆڕانکاری زۆر باش لە بواری ئیدارەدانی ئاو و چارەکردنی کێشەی ئاو کراوە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئەو دۆخەی ھەیە ژمارەیەک پۆند و بەنداو و پڕۆژەی ئاودێری دروستکراون و تەواوبوونە، کۆمەڵێک پۆندیش نوژەنکراونەتەوە، بۆ یەکەم جاریش لەم کابینەیەدا ئاوی سەرزەوی (باران) گوازراوەتەوە بۆ کۆگاکانی ئاو لە ژێر زەوی و سەرکەوتوو بووە، گرنگی زۆر بەکۆنترۆڵی لافاویش دراوە، حکوومەت تەنیا لە ھەولێر ٣٦ ملیاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو تەرخان کردووە، جگە لەوە پڕۆژەی بوژانەوەی کانیاوەکانیش بەسەرکەوتووی ئەنجامدراوە کە ئەزموونێکی تازە و زانستێکی تازەیە، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە حکوومەت لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گرنگی بە کەرتی ئاو داوە.

دکتۆر کاروان ھەورامی گوتیشی: لەماوەی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو حەوت پۆندی تازە تەواوبوون و کەوتوونەتە خزمەتی خەڵک و بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بوارەکانی دیکە سودیان لێ وەرگیراوە، بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی پۆندی زیاتر دروست بکرێت.

ھەورامی باسی لەوەش کرد: دانیشتنێکمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی چوار بەنداوی گەورە دروست بکرێن، ئەوانیش بەنداوی (مەنداوە و باکورمان و تەقتەق و زەڵگە)نە، ئەمە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێم بەھاوبەشی دروست دەکرێن، ئێستا لە قۆناغی دیراسەکردنین بۆ ئەوەی دەست بە دروستکردنیان بکرێت، ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و ھەردوولاش ھاوڕان بۆ ئەوەی بەنداوەکان دروست بکرێن.


بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار