هاووڵاتیانی ئیدارەی ڕاپەڕین: سەرۆکوەزیران بەڵێنی پێداین و پڕۆژەی گرنگی بۆ جێبەجێکردین

گەرمیان-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، ڕۆژی 27-5-2024 لە ئیدارەی ڕاپەڕین پردی دەربەندی رانیەی بەڕووی هانیشتمانیانی دەڤەرەکەدا کردەوە، هاووڵاتییان و چالاکوانانی ئیدارەی ڕاپەرین دەڵێن: سەرۆکوەزیران سەرباری قەیرانەکان پڕۆژەی گرنگی بۆ سنوورەکەمان جێبەجێ کردووە.
خۆشناو ئەنوەر چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیوکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە بەهۆی قەبارەی بێوێنە و دیزاینە ناوازەکەیەوە وەک هەوڵێکی پێشەنگانە لە ناوخۆی کوردستان و عێراقدا دیارە، لێهاتوویی تەکنیکی پڕۆژەکە و توخمە وردەکانی دیزاینی، بڕگەی بەرچاو لە پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچەکەدا دیاری دەکات.
دەشڵێت: جەنابی سەرۆکوەزیران، چوار ساڵ بەر لە ئێستا، بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دانا، سەرباری قەیرانی دارایی و ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە هێشتان جەنابیان بەردەوامن لە کاروانی خزمەتکردن و بووژاندنەوەی دەڤەری ڕاپەڕین.
گوتیشی: هاونیشتمانیان و دانیشتوانی دەڤەری ڕاپەڕین بە گەشبینییەوە لە جەنابی سەرۆکوەزیران دەڕوانن، ئەم کاروانی خزمەتە کە لەلایەن جەنابیانەوە دەستپێکراوە سەرەتا نییە و لە ڕابردووشدا کۆمەڵێک پڕۆژەی تری بۆ ئەم دەڤەرە ئەنجامداوە.
هێلین محەمەد کچە چالاکوانی ڕاپەڕین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: چوار ساڵ لەمەوبەر مەسروور بارزانی، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەی گرینگی دانا، یەکێک لە گرینگترین پرۆژەکان بریتی بوو لە پردی دەربەندی ڕانیە کە پرۆژەیەکی گرنگی کشتوکاڵی ستراتیژییە بۆ ناوچەکە، چونکە دەڤەری ڕاپەرین دەبەستێتەوە بە مەرگە و پارێزگای سلێمانی، بێگومان ئەمە یەکەم پڕۆژەی سەرۆکوەزیران نییە لە دەڤەری ڕاپەرین دواهەمینیش نابێت.
گوتیشی: پردی دەربەندی ڕانیە لەلایەن جەنابی سەرۆکوەزیران لە بەرواری ٢٧/٥/٢٠٢٤ بەڕووی هاووڵاتییاندا کرایەوە، گەشبینین بە هاتنی جەنابی سەرۆکوەزیران بۆ سنوورەکەمان و دڵنیادەبینەوە کە بەڕێزیان بەردەوام لە خەمی خەڵکی دەڤەرەکەدایە، ئەم پرۆژەیە بۆ دەڤەری ڕاپەرین گرنگی زۆرە، کارئاسانی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان بەگشتی و بۆ جووتیاران بە تایبەتی دەکات.
مامۆستا ئەحمەد هەرتەلی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیوکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار پێنج ساڵی ڕابردوو جێگای بایەخی ئێمەیە، بەتایبەت دانانی بەردی بناغەی پردی دەربەندی ڕانیە و تەواوکردنی بەشێواز و دیزاینێکی ڕێکوپێک و کردنەوەی بەڕووی هاونیشتمانیانی دەڤەرەکەدا کە لەڕووی بازرگانی و گەشتوگوزار بۆ تەواوی هاونیشتمانیان گرنگییەکی زۆری هەیە.
خۆشبەختانە ئەو بەڵێنەی سەرۆکوەزیران بە ئیدارەی ڕاپەڕینی دابوو لەماوەی دیاریکراودا وەک خۆی جێبەجێکرا، ئەم پردە گرنگ بوو بۆ ئەم دەڤەرە، چونکە شادەماری بازرگانییە لە نێوان (پارێزگای سلێمانی - ناحیەی بنگرد- ئیدارەی ڕاپەڕین).
عەزیز ڕەسووڵ




