٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھیوا گەیلانی بۆ KDP: پارتایەتی ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک

سەرچاوە: KDP.info

راپەڕین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە دەڵی، ئێمە بەردەوام لەناو خەڵکین و بووینەتە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان خەڵک و حکوومەت، لەسەر پێشنیازی ئێمە و گەیاندنی داواکاری خەڵک کابینەی نۆیەمی حکوومەت کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی لە دەڤەری راپەڕین ئەنجامداون.

ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لای ئێمە پارتایەتی ئارمانج نییە و ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بارزانی نەمر وتەیەکی جوانی ھەیە باس لەوە دەکات پێویستە بەرپرس خزمەتکاری خەڵک بێت، ئێمەش ئەو کارە دەکەین و خزمەتی خەڵک دەکەین و بە ئەمانەتەوە داواکاری و گلەیی خەڵک دەگەیەنینە حکوومەت، ھاوکات سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتیش گرنگی زۆر بە دەڤەری ڕانیە دەدەن، چونکە دەڤەری شۆڕش و راپەڕینە و قوربانی زۆری داوە، بۆیە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت خودی سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بەو دەڤەرە دەدات، خۆیشی سەردانی دەڤەرەکەی کردوو بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی دانا، گرنگترینیان پردی دەربەندی ڕانیە بوو کە خۆی سەردانی کردوو کردیەوە، واتا ئەوە دەرخەری ئەوەیە حکوومەت گرنگی بە ھەموو ناوچەکان دەدات بەبێ جیاوازی.

ھیوا گەیلانی گوتیشی: ئێمە بووینەتە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان خەڵک و سەرکردایەتی خۆمان و حکوومەت و بەردەوام داواکاری خەڵک دەگەیەنین، ئەو پڕۆژانەی کراون داواکاری خەڵکبووە ئێمە گەیاندوومانەتە حکوومەت، ھەروەھا کابینەی نۆیەم گرنگی بە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان داوە و بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری پێشکەش کردوون، بەردەوامیش دەبین لە گەیاندنی داواکاری خەڵک بە حکوومەت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی دەڤەری ڕانیە بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار