٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەنجانی سلێمانی بۆ KDP: بەرهەمی شۆڕشی گوڵانە ئەمڕۆ بە ئازادی دەژین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ڕۆژی 26ـی گوڵانی 1976 شۆڕشی گوڵان بە ڕێبەرایەتی و ڕێنوێنیی بارزانیی نەمر هەڵگیرسا و بەرهەمەکەی ڕاپەڕین و پێکهێنانی حکوومەت و پەرلەمانی کورستان بوو، گەنجانی سلێمانی لەو بۆنەیەدا دەڵێن، بە شانازییەوە لە خەباتی پێسمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان دەڕوانین، لە سایەی ئەو شۆڕشەدا ئێمەی نەوەی ئێستا و ئایندەش ژیانێکی ئازاد و سەربەست بەڕێ دەکەین.

شڤان کوردستانی، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی لاوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە و رێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی لە شۆڕشی گوڵاندا، توانییان شکست بە پیلانی رژێمی دیکتاتۆری و عەقڵیەتی شۆڤێنیی ئەوکاتە بهێنن، ئەم مێژووە گرنگە توێژی ئەمڕۆی لاوانی کوردستان پێی ئاشنا بن لە داستانە پڕ سەروەری و نەبەردییەکانی ئەوکات، کە چۆن پێشمەرگەکان گیانی خۆیان بۆ ڕزگاریی گەلی کوردستان لەسەر دەست بوو".

ناوبراو گوتیشی: "گرنگە هەر تاکێکی ئەمڕۆ بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) لە نووسینی جەنابی ڕێزدار سەرۆک (مەسعود بارزانی) بخوێنێتەوە، تا ئاشنا بێت بە گوڕوتینی نەتەوەیی و نیشتمانیی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی کورد لە پیلانە ناحەزەکانیان دژی ئەم میللەتە، کە چۆن پوچەڵ کراونەتەوە".

دەشڵێ: "بەرهەمی خەباتی شۆڕشی گوڵان، ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ و دروستبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ دوای سەدان ساڵ بۆ کورد و کوردستانیان بووە، لەگەڵ دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەت و دامودەزگای فەرمیی دەوڵەتدارێتیی بۆ ئەم پارچەیەی کوردستان".

لانە محەمەد، کادیری پێشکەوتووی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز دەکەینەوە، ئەو شۆڕشەی کە بووە هۆی گەڕانەوەی شکۆی نەتەوەیەک لە نائومێدییەوە بۆ سەرکەوتنێکی مەزن، لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدایە، بەڵام بەخشینی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگریی گەلی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکان و حیکمەتی سەرۆک بارزانی، توانیویانە هەموو ئەو ئاڵنگاریانە تێبپەڕێنن، ئەوانەی مژدەیان دەدا بە هەموو لایەک کە شۆڕشی کورد کۆتایی هاتووە، بە لێهاتوویی و سیاسەتی حەکیمانە لە (٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦) بۆ هەموو لایەکیان سەلماند کە شۆڕشی گەلی کورد کۆتایی نەهاتووە و تا گەیشتن بە سەربەخۆیی گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت".

تەها لاوان، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، لای خۆیەوە دەڵێ: "وەکو لاوانی کوردستان، پێمان وایە دەستپێکردنەوەی شۆڕشی گوڵان بۆ جەماوەری کوردستان وەکو ئەوە بوو لە نائومێدی و تاریکیی نیوەشەودا، تریفەی مانگەشەو شەوق بداتەوە و ئومێدی خستەوە ناو دڵی تاک بەتاکی کورد و کوردستانیان، پێویستە بە چاوی ڕێزەوە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەی گیانفیدای خەڵک و خاکی کوردستان و پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان بڕوانین و هەوڵ و تێکۆشان و گیانفیدایی ئەوان بوو ئەم ڕۆژانەی دروست کرد و جۆش و خرۆش و گیانفیدایی لە پێناوی خاکی پیرۆزی کوردستان لە ڕوح و دەروونی تاکی کورددا بەجۆش دایەوە".

ئەو دەڵێ: "بێگومان بەرهەم و خەبات و قوربانیدان و شەهیدانی شۆڕشی گوڵان بوو، ڕاپەڕینی سەرتاسەریی کوردستان و پاشان هەڵبژاردن و حکوومەت و پەرلەمانی لە باشووری کوردستان هێنایە کایەوە و وای کرد کوردستانیان لە ژێر ئاڵای کوردستاندا مومارەسەی ژیانی شارستانی و ئازادیی ڕادەربڕین و پەیڕەوکردنی دیموکراسی و پاراستنی زیاتری مافی مرۆڤ بکەن".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار