ناوی كوردستان دەچێتە سەر نەخشەی 12 وڵاتی پێشكەوتوو

هەولێر-KDP.info- شێخ جەمالی گربچنە وەك یەكەم جووتیاری نموونەیی كورد، ناوی چووەتە تۆڕی جووتیارە نموونەییەكانی دنیاوە، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، ناوی كوردستان بە شانازییەوە دەبێتە 13یەمین وڵات لەو نەخشەیەدا.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ چوونی شێخ جەمالی گربچنە بۆ ناو تۆڕی جیهانیی جووتیارە نموونەییەكان، ناوی كوردستانیش بۆ یەكەمین جار لە مێژووی كورددا، دەچێتە سەر نەخشەی 12 وڵاتی پێشكەوتووی بواری كشتوكاڵی كە بە توێژینەوەی گرنگ و ئەكادیمی ناسراون، ناوی كوردستان بە شانازییەوە دەبێت 13مین وڵات لەو نەخشەیەدا".
وەزیری كشتوكاڵ لەبارەی جووتیارە نموونەییەكەی كوردەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە لەوبارەیەوە و دەڵێت، "زۆر خۆشحاڵم بە گەیشتنی نامەی فەرمی ناساندنی جووتیاری نموونەیی بەڕێز شێخ جەمالی گربچنە، لەلایەن زانكۆی نێودەوڵەتیی ڤاخنینگ وەك یەكەمین جووتیار و كێڵگەی هەڵبژێراوی پەسندكراو لە تۆڕی جووتیارانی ئەستێرەی جیهانی لایت هاوس فارمینگ".
شێخ جەمالی گربچنە و خێزانەكەی لە سەرەتای شەستەكانەوە كێڵگەی كشتوكاڵییان هەیە، لە دوای راپەڕینەكەی ساڵی 1991 كێڵگەكەی كردووە بە شوێنی لێكۆڵینەوە، بۆ پاقلەمەنییەكان، گەنم و سەوزەكان.

جەمال جەلال حوسێن ناسراو بە شێخ جەمالی كربچنە، لە ساڵی 1952 لە گوندی كربچنە لە دایك بووە، ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و پێنج منداڵی هەیە. حەزی جەمال بۆ كشتوكاڵكردن هەر لە منداڵییەوە دەستی پێ كردووە و ماوەی چەند ساڵێكیشە چەندان بەرهەمی ناوازەی كشتوكاڵی زستانە و هاوینەی خستووەتە بازاڕەكانی كوردستانەوە.
سۆران عەزیز




