بەرپرسی لقی یەک: شۆڕشی گوڵان لە نائومێدیەوە کوردی گەیاندە سەرکەوتن
__2024_05_27_h17m46s50__HK.jpg)
دھۆک-KDP.info- لە دھۆک خێوەتگەیەک بۆ زیاتر لە ٥٠٠ پێشمەرگە و قوتابی لەبارەی شۆڕشی گوڵان بەڕێوەچوو، بەرپرسی لقی یەکی پارتیش دەڵێ: دەستکەوتەکانی ئێستا بەرھەمی شۆڕشی گوڵانن.
د.نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەبۆنەی ٤٨ مین ساڵوەگەڕی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان لقی یەکی پارتی لە دھۆک خێوەتگەیەکی لە گوندی کەمەکای سەربە پارێزگای دھۆک کردەوە، زیاتر لە ٥٠٠ پێشمەرگە و قوتابی بەشداریان تێدا کرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، ئەمڕۆ کۆتایی بە چالاکیەکە دێنین.
بەرپرسی لقی پارتی لە دھۆک دەشڵێت: مەبەستمان لە کردنەوەی خێوەتگەی گوندی کەمەکا، بەراوردکردنی ژیانی سەردەمی شۆڕش و ئێستا بوو، لە سێ ڕۆژی ڕابردوو لە خێوەتگەی شۆڕش چەندین چالاکی بەڕێوەچوون، ژیانی نێو شۆڕش ھەر لە بواری پزیشکی و بەکارھێنانی چەک و ئامێری بێتەل و چۆنیەتی ئەنجامدانی چالاکی دژی ڕژێم، ھەمووی پیشانی قوتابیان و ئامادەبوانی خێوەتگەکە دران.
د.نەوزاد عەبدوڵڵا گوتیشی: لەکاتێکدا گەلەکۆمەکی لەسەر کورد کرا و بە پیلان ویستیان شۆڕشی کورد بێدەنگ بکەن، کورد تووشی بێئومێدی بوو .. لەو کاتەدا شۆڕشی گوڵان دەستی پێکرد و بۆ دۆست و دوژمن سەلماندی شۆڕش و خەباتی کورد کۆتایی نایەت، ھەموو ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەستھاتوون بەرھەمی پێشمەرگە و شۆڕشی گوڵانن، دەتوانم بڵێم شۆڕشی گوڵان لە ساتی نا ئومێدیدا کوردی گەیاندە گەورەترین سەرکەوتن.
قائید میرۆ




