٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە دەڤەری باڵەکایەتی یادی شۆڕشی گوڵان دەکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

باڵەکایەتی-KDP.info-  ڕۆژی سێشەممە بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو لە دەڤەری باڵەکایەتی یادی شۆڕشی گوڵان دەکرێتەوە، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانیش دەڵێ: یەکەم مەشخەڵی ئاگری شۆڕشی گوڵان لە باڵەکایەتی ھەڵکرا و ٢٣ پێشمەرگە لە بناری چیای کۆدۆ بە تۆمارکردنی نەبەردییەک شۆڕشیان ڕاگەیاند.

کرمانج عززەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: شۆڕشی گوڵان شکستی بە گەورەترین پیلانی نێونەتەوەیی و ئێقیلی ھێنا کە بۆ دامرکاندنەوەی ئاگری شۆڕشی گەلی کورد دوای شۆڕشی ئەیلوولی مەزن نەخشەی بۆ کێشرابوو.
یەکەم مەشخەڵی شۆڕشی گوڵان لە دەڤەری باڵەکایەتی دەستی پێکرد کە تێیدا مەفرزەیەکی پێشمەرگەی شۆڕش لە بناری چیای کۆدۆ بەرەنگاری دوژمن بوونەوە و تێیدا ٢٣ پێشمەرگە بەرگرییەکی قارەمانانەیان تۆمارکرد، بەداخەوە ئەو ڕۆژە یەکەم پێشمەرگەی شۆڕش بەناوی سەید عەبدوڵڵا شەھید بوو، چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش برینداربوون، بەڵام ھەر ئەو ڕۆژە بووە دەستپێکی شۆڕشی گەورەی گوڵان.

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: ئەمە نوێبوونەوەی ئیرادەی کوردبوو لەسەر بەردەوامیدان بە داواکاری بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانمان، ئێمە ساڵانە لەو ڕۆژەدا ئاھەنگ دەگێڕین، بەتایبەتی لە ناوچەی باڵەکایەتی کە بناغەی ھەڵگیرسانی شۆڕش بووە و لە ماوەی تەمەنی شۆڕشی گوڵاندا چەندین نەبەردی لەو ناوچەیە تۆمارکراون.

کرمانج عززەت ڕوونیکردەوە: سبەی سێشەممە  ئاھەنگێکی بەرفراوان لە گوندی وەڵاشی سەر بە ناحیەی قەسرێ بە ھەماھەنگی لەگەڵ تیمی ئۆکسترای دەزگای سەتەلایەتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەکی بەرچاوی جەماوەر و کادیرانی پارتیشمان لە دەڤەرەکانی دیکەوە دێن لە ئاھەنگەکە بەشدار دەبن.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار