لە هەڵەبجە مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ نزیکەی 500 پێشمەرگەی گوڵان ڕێکخرا

ھەڵەبجە-KDP.info- لە بارەگای لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرشتی عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (سلێمانی- هەڵەبجە - ڕاپەڕین) لە مەراسیمێکی تایبەتدا، نزیکەی 500 پێشمەرگەی گوڵان، قەڵخانی ڕێزلێنانیان پێشکەشکرا.
دلێر حەمە کەریم، بەرپرسی لقی 12ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە بارەگای لق بە سەرپەرشتی کاک عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین) مەراسیمێکی ڕێزلێنانمان بۆ نزیکەی 500 پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان ڕێکخست.
دلێر حەمە کەریم زیاتر گوتی: وەک وەفا و سوپاسکردنی ئەو پێشمەرگانەی لە ڕۆژە سەختەکان لە شاخدا بە ورەیەکی بەرز چەکی کوردایەتییان بە ڕێنوێنی بارزانی نەمر کردەشان و بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی درێژەیان بە خەباتی دژ بە داگیرکاری ڕژێمی ئەوکاتی عێراق دا، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی تایبەتدا ڕێزمان لێیان گرت.
گوتیشی: ئەمە وەجبەی دووەمی پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان بوون قەڵخانی ڕێزلێنانانمان پێبەخشین، لە سایەی خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان، سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت و، کوردستانێکی بەهێز و ئاوەدانمان هەیە.
عەزیز ڕەسووڵ




