٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە هەولێر دەست بە درووستکردنی دوو پارکی دیکە کرا

سەرچاوە: KDP.info


ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر گوتی: لەسەر بودجەی ڕاستەوخۆی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارکێک تەواوکراوە و دووپارکی دیکەش دەست بە دروستکردنیان کراوە.

ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی حکوومەت گرینگی زۆر بە دروستکردنی پارک دەدات، ئێستا پارکێک لە ھەولێر لەسەر ڕووبەری ١٥٠ھەزار مەتری چوار گۆشە لەسەر ڕێگای ١٥٠مەتری و ڕێگای ھەولێر بۆ پیرمام تەواوکراوە و کراوەتەوە، پێنج ھەزار داری تێدا چێندراوە و ٢٣ھەزار مەتری چوارگۆشەی کراوەتە فریز، ٣ملیار و٧٠٠ملیۆن دیناریشی تێچووە.

ڕێبین ئەحمەد گوتیشی: دوو پارکی دیکەش لەسەر ڕووبەری ٢٤٠ھەزار مەتری چوارگۆشە دروست دەکرێن کە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، یەکێکیان پارکی ڕەشکینە، ئەوەی دیکەش لە نزیک شەقامی ١٢٠مەتری سەر ڕێگای (ھەولێر _ مووسڵ)ە، ئەوانە بەردی بناغەیان بۆ دانراوە و کاریان تێدا دەکرێت و ھەموو بەشەکان لەخۆ دەگرن، پارکی ڕەشکین بە دوو قۆناغ دروست دەکرێت، قۆناغی یەکەم ٦ملیار و ٨٠٠ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، ئەوەی ١٢٠مەتریش ٣ملیار و ٤٠٠ملیۆن دینار زیاترە کە ئەمەیان بەیەک قۆناغ دروست دەکرێت.
بڕیارە لە پارکی ڕەشکین  بەھۆی گەورەییەوە نافورەش دروست بکرێت.
ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ئەو پارکانە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت دروست دەکرێن و بودجەشی لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ تەرخانکراوە، بڕیاریشە دووپارکەی تازە دەست بەدرستکردنیان کراوە تا کۆتایی ساڵ تەواو بکرێن.
لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٤٥٠پارک و باخچە و نافورە ھەن، لەوانە ٢٠پارکی گەورەی تێدایە.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار