گەنجانی هەڵەبجە بۆ KDP: خەباتی ئەیلوول و گوڵان درێژە پێدەدەین

هەڵەبجە-KDP.info- دوای تێپەڕینی 48 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بە ڕێبەرایەتی و ڕێنوێنیی سەرۆک مستەفا بارزانیی نەمردا، کچان و کوڕانی هەڵەبجە دەڵێن، درێژەپێدەر و پارێزەری دەستکەوتەکانی شۆڕشی گوڵانن و بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕواننە خەباتی پێشمەرگەکانی ئەو شۆڕشە.
شاد حەمەمین، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی قوتابیان لە پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شۆڕشی گوڵان لە مێژووی گەلەکەماندا، شۆڕشی کۆڵنەدان و هەستانەوە بوو، چونکە ئەو پەیامەی بە هەموو دونیا گەیاند، کە گەلی کورد لە هەر قۆناغێکدا دووچاری نسکۆ هاتبێت، هەرگیز ئیرادە و ویستی بۆ سەربەخۆیی و خەبات نەوەستاوە، بەڵکو بە گوڕوتین و هەناسەی نوێوە هاتووەتەوە مەیدان و پیلانی دوژمنانی بەرامبەر نەتەوەکەمان شکست پێهێناوە، گرنگە ئێمەی لاوان ڕێز لە خەباتی سەدان ساڵەی نەتەوە و پێشمەرگە قارەمانەکان و مێژووی شۆڕشەکانی ڕابردوومان بگرین، چونکە ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆمان لە ئەنجامی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانی گەلەکەمان هاتوونەتە دی".
کچە چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، تاڤان بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "دوای چەندین ساڵ لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان، ئێستاش دوژمن لە هەوڵی ئەوەدایە چۆن شکست بە گەلی کوردستان بهێنێت، بەڵام پەیامی شۆڕشی گوڵان دەکەینە باشترین وەڵام بۆ دوژمنانی گەلەکەمان، کە هەرگیز ناتوانن ئیرادە و ویستی نەتەوەکەمان لە پێناو داواکردنی مافە ڕەواکانمان لەناو ببەن، دەتوانین بڵێین بەهێزیی ئەمڕۆی گەلی کورد، بەرهەمی خەباتی شۆڕشی گوڵانە و خەباتی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان درێژە پێدەدەین بە ئاڕاستەی بەهێزهێشتنەوەی قەوارەی دەستووریی کوردستان، لاوانی کورد شوورای پۆڵایینن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەواوی ئەو پیلانانەی دژی گەلەکەمان بەردەوامییان پێ دەدرێت".
ئارام خارگێڵانەیی، کادیری پێشکەوتووی پارتی لە هەورامان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شۆڕشی گوڵان پەیامی کۆڵنەدان و بەردەوامی و خۆڕێکخستنەوە و ھەستانەوە بوو، ئەو نائومێدییەی بەھۆی نسکۆوە باڵی بەسەر گەلی کورددا کێشابوو، دوای شۆڕشی گوڵان بڕوا و ئیرادە و ھیوا شوێنی گرتەوە، پەیامی شۆڕش ڕادەستنەبوون بوو، وێڕای ھەموو ھەڕەشە و فشارەکان، بەرھەمەکەی پتەوکردن و نەشکانی ئیرادە و گەیشتن بوو بە بەھا پیرۆزەکانی دیموکراسیی زیاتر و ھەڵبژاردن وەک شەرعیەتی دیموکراسی بۆ حکومڕانیی کورد لە ناوچەکەدا".
دەشڵێ: "ئەرکی نەوەی ئێستا و ئایندەیە درێژەپێدەری خەباتی شۆڕشی گوڵان بین بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بەدی هاتوون، ڕێزیش لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەکانی ئەو شۆڕشە بگرین".
عەزیز ڕەسووڵ




