مەسروور بارزانی: بانگھێشتی وەبەرھێنەرانی قەتەری بۆ ھەرێم دەکەین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە رێورهسمی كردنهوهی كونسوڵخانهی گشتیی قهتهر لە ههولێر رایگەیاند، بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی قەتەری دەکەین کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جۆراوجۆەکاندا پرۆژەی ئەنجام بدەن و ئێمەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک لەم بوارەدا.
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
پێشەکی بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز د. ئەحمەد حەسەن ئەلحەممادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و
بەڕێز باڵیۆزی قەتەڕ لە عێراق دەکەم
ئامادەبووانی بەڕێز
ئێوارەتان باش و زۆر بەخێر بێن
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسولخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر. هیوادام ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوولامان .
مایەی خۆشحاڵیمانە کە پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەڕدا هەیە و لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین بەرپرسی باڵای قەتەڕی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. هەروەها ئێمەش سەردانی دەوڵەتی قەتەرمان کردووە.
ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ میری قەتەر خاوەنشکۆ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی هەیە و خوازیارین پەیوەندییەکانمان لە بوارە جۆراوجۆەکاندا و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، زیاتر پەرە بستێنێت.
کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی قەتەڕ هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و کولتووری و خوێندنی باڵادا.
قەتەر لە ڕووی وەبەرهێنان و ئاوەدانیی و بیناسازی و وزە و جموجۆڵ و چالاکی ئابوورییەوە، دەوڵەتێکی دەوڵەمەند و خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتووە، بۆیە دەکرێ هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی قەتەر لەم بوارانەدا وەربگرێت .
لێرەدا بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی قەتەری دەکەین کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا پرۆژەی ئەنجام بدەن و ئێمەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک لەم بوارەدا.
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەکەیە و لە هەمانکاتدا سروشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جۆراوجۆردا، بەتایبەتی کشتوکاڵی و گەشتیاری و پێشەسازی. ئێمە بە هەموو توانایەک پێشوازی و پشتگیریی لە وەبەرهێنانی فرەچەشن دەکەین کە بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە ڕووی فرەچەشنکردنی ئابووری.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش پیرۆزبایی کردنەوەی کونسولخانەی گشتیی قەتەر دەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەر دەخوازم
هەر شاد بن.




