پزیشکانی سەردەمی شۆڕش: کوردایەتی لای ئێمە لە ھەموو شتێک گرینگتر بوو

ھەولێر-KDP.info- پزیشکانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان دەڵێن، بوونی پزیشک لە سەردەمی شۆڕشدا، پاڵپشتییەکی گەورەی ھێزی پێشمەرگە بوو و ھەر کاتێک پزیشکیان لەگەڵ دەبوو، ورەی پێشمەرگە زیاتر بەرز دەبووەوە، چونکە دەیانتوانی ژیانی پێشمەرگە لە مردن ڕزگار بکەن.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و پزیشک لە سەردەمی شۆڕش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "باب و باپیرانمان لە ساڵی ١٩٤٣ لەگەڵ بارزانیی نەمر بوون و لە شۆڕشی بارزانیش لەو ساڵەدا بەشدارییان کردووە و ساڵی ١٩٤٦ چوونە مەھاباد و دواتر بارزانیی نەمر چووە ڕووسیا و باپیرمان مستەفا ئاکرەیی دۆستێکی نزیکی بارزانیی نەمر بوو، لەگەڵ خێزانی ئەوان گەڕایەوە و دواتر نەفی کران بۆ باشووری عێراق و پاشان گەڕانەوە بۆ بارزان، دوای ئەوەش شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکرد و خێزانی ئێمە ھەمووان بەشدار بوون تاوەکو ساڵی ١٩٦٣ و دواتر ئێمە لە ئاکرێ نەماین و ڕۆیشتین بۆ ئەشکەوتێک و چەندین ساڵ لەوێ بووین و براکەم جەعفەر ئاکرەیی یەکێک لە فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلوول بوو لە ساڵی ١٩٦٦ شەھید کرا و دواتریش ھاتینە باڵەکایەتی و باوکم بووە بەرپرسی دابەشکردنی خۆراک بەسەر ھێزی پێشمەرگەدا، ئەوکات خولێکی تەندروستی کرایەوە کە تەمەنم ١٧ ساڵ بوو لە نەخۆشخانەی قەسرێ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بووین لە خولەکە".
ئاکرەیی گوتیشی: "دوای دەرچوون، کە ٣٠ کەس بووین، بەسەر شۆڕشی ئەیلوولدا دابەش کراین، بەڵام من ھەر لەو نەخۆشخانەیە مامەوە و کارم دەکرد و کاری ئێمە زەحمەت بوو، بریندارمان دەرمان دەکرد و نەخۆشی دیکەمان چارەسەر دەکرد تاوەکو ساڵی ١٩٧٥ بەردەوام بووین و خزمەتێکی باشمان کرد و زۆر جاریش دەچووینە بەرەکانی شەڕ بۆ چارەسەرکردنی پێشمەرگە و، لە ساڵی ١٩٧١ نەخۆشیی کولێرا بڵاو بووەوە و ئێمە گوند بەگوند سەردانمان دەکردن، بۆ ئەوەی فاکسینیان بۆ دابنێین، بۆیە ڕۆژانی سەختمان بەڕێ کرد و زۆر جار جاشیشمان دەرمان کردووە بەھۆی ئەوەی شۆڕشی دادپەروەری بوو، دەمانگوت بەڵکو لە کاری خۆیان پەشیمان ببنەوە و ببنە پێشمەرگە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "دوای نسکۆی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووین و چارەنووسمان دیار نەبوو، دوو ساڵ لە نەخۆشخانەی ماڵی بارزانیی نەمر لەگەڵ دکتۆر نەجمەدین کەریم کارم دەکرد و خزمەتمان دەکرد بە ماڵی ئەوان و ئاوارەکانی خۆشمان، ھەروەھا خۆم چارەسەری بارزانیی نەمرم کردووە، دواتر گواسترامەوە بۆ نزیک تاران لەوێ بەرپرسی ڕێکخراو بووم و کاری حیزبی و ڕێکخستنم دەکرد تا ماوەیەک، دواتر بوومە ئەندامی لقی ھەشت لە کەرەج".
دەشڵێت: "لە شۆڕشی گوڵانیشدا کە دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩٧٦ من دوو ئەرکم ھەبوو، ھەم کاری پزیشکی و ھەمیش کاری ڕێکخستن و ھاوکاریی پێشمەرگەمان دەکرد لە بەرەکانی شەڕ و دواتریش لە ساڵی ١٩٩٠ بوومە بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە ئێران و دواتریش گەڕاینەوە بۆ ھەرێم و وەکو بەرپرسی پەیوەندییەکان مامەوە تاوەکو ئەم دواییانە، بۆیە ئەوکات پارە نەبوو و تەنیا کوردایەتی و پێشمەرگایەتیمان دەکرد و ھیچ کات بیرمان لە ھیچ نەدەکردەوە و ئێمە بە شەھیدی زیندوو حیساب دەکرێین، بەھۆی ئەوەی دەیان جار لە مردن گەڕاوینەتەوە، چونکە بەردەوام لە ژێر بۆردوومانکردندا بووین".
لای خۆشیەوە، سوبحی رەشاڤەیی، پزیشکی سەردەمی شۆڕشی گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە لە سەردەمی شۆڕشی گوڵان لە سنووری لقی یەک لە بادینان کاری پزیشکیمان لەگەڵ کۆمەڵێک ھەڤاڵ ئەنجام دەدا و چارەسەری پێشمەرگەکانمان دەکرد لە بەرەکانی شەڕ، ئەوەی زۆر زەحمەت بوو بۆ ئێمە دەستکەوتنی پێداویستیی پزیشکی و دەرمان بوو، چونکە ھەموو ڕێگایەکیان گرتبوو و ڕێگەشیان نەدەدا ھیچ پێداویستیی پزیشکی بگاتە بەرەکانی شەڕ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کۆمەڵێک ھەڤاڵ ھەبوو بە روحیەتێکی کوردانە و نیشتیمانپەروەرانە ژیانی خۆیان دەخستە مەترسییەوە، بۆ ئەوەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی پەیدا بکەن بۆ ھێزی پێشمەرگە، بۆیە ئەوکات بە روحیەتێکی زۆر کوردانە کاری خۆمان دەکرد و زۆرینەی پێشمەرگە بریندارەکانمان چارەسەر دەکرد بە دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی کەم، کە ھەڤاڵانمان لە ڕێکخستنەکانی ناو شاری دھۆک ھاوکاریی ئێمەیان دەکرد، لەبەر ئەوەی ئێمە داوای دەرمانمان دەکرد ئەوان بەناوی نەخۆش دەچوون بە چەندین بازگەدا دەرباز دەبوون تا بتوانن ڕێژەیەکی کەمی دەرمانمان بۆ پەیدا بکەن".
سوبحی رەشاڤەیی ڕوونیشی کردەوە: "چەندین ھەڤاڵی ئێمە بەھۆی پەیداکردنی دەرمان دەستگیر کران و زیندانی کران و دواتریش شەھید کران، چونکە دەستخستنی دەرمان زۆر بە زەحمەت بوو، زۆر جاریش لە مەکتەبی سیاسی لە ڕێگەی وشکانی تاوەکو بارێک دەرمانمان بەدەست دەگەیشت و پێشمەرگەش لە کاتی چارەسەرکردن ورەیان زۆر بەرز دەبووەوە، چونکە دەیانزانی لە پێناو گەل و نیشتمان خەبات دەکەن و بریندار بوونە، بۆیە پێشمەرگە ھەر کاتێک دەیزانی ئێمەیان لەگەڵداین، ورەیان زیاتر بەرز دەبووەوە و دەیانزانی چارەسەریان دەکەین، بۆیە بوونی پزیشک لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە لە شۆڕشی گوڵاندا، پاڵپشتییەکی زۆر گەورە بوو بۆ ھێزی پێشمەرگە".
رەشاڤەیی باسی لەوەش کرد: "جگە لەوانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی گەورە هەبوو، ئەوانەی دیکە ٩٠%ی چارەسەریان بۆ دەکرا و ژیانیان ڕزگار دەکرا، بۆیە ئێستاش ژمارەیەکی زۆری ئەو پێشمەرگانە لە ژیاندا ماون کە ئەوکات برینداربوون و ئێمە چارەسەرمان کردوون".
بڵند ئیبراھیم




