٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەنجانی کەرکووک بۆ KDP: ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ بەرهەمی شۆڕشی گوڵانە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- چل و هەشت ساڵ لەمەوبەر، بە ڕابەرایەتی و ڕێنوێنیی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو، لاوانی کورد لە شاری کەرکووک دەڵێن، شانازییە بتوانین ڕێز لە خەباتی پێشمەرگەکانی ئەو شۆڕشە بگرین و دەستکەوتەکان بپارێزین، ئەو ئازادی و دیموکراسییەی ئەمڕۆش، بەرهەمی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازە.

ڕەنجدەر نەوشیروان، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شۆڕشی گوڵان، پشتیوانیی فراوانی جەماوەریی شۆڕشی ئەیلوولی لە پشت بوو، بۆ دۆست و دوژمنانیشی سەلماند، کە شۆڕشی میللەتێکی ھەقخواز و خاوەن کێشەیەکی ڕەوایە، گەلێک لە پشت سەرکردە شۆڕشگێڕەکانە بۆ ڕەتکردنەوەی داگیرکاریی ڕژێمی فاشیستی بەعس، بۆیە نە بە ئاگر و ئاسن، نە بە پیلان و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی و نە بە نکۆڵی و فشار خامۆش ناکرێ و لەناو نابرێ، دەتوانین بە فەخرەوە بڵێین دەبێت شانازی بە پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵانەوە بکەین و ڕێزیان لێ بنێین، کە بوونە هۆی چاندنەوەی تۆوی ئومێد و هەنگاونان بۆ ئازادیی باشووری کوردستان".

هەنا سەعید، کچە چالاکی شاری کەرکووک، لای خۆیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ئامانجەکانی، جگە لەوەی ئەو نائومێدییەی ڕەواندەوە، کە لە نسکۆدا ھاتە ئاراوە، بووە دەستپێکی قۆناغێکی دیکەی خەباتی کوردایەتیی جەماوەری کوردستان لە سەرتاسەردا، کە هەمووان لە دەوری شۆڕش کۆبوونەوە و بە گیانی خەبات و فیداکاری بە دۆست و دوژمنیان گوت، ئێمە ڕازی نابین بەو سیاسەتە نەگریسەی ڕژێمی دکتاتۆری عێراق، ئەرکی نەوەی ئێستا و ئایندەیە پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی گوڵان بکات و هەمیشە ئامادەی بەرگری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بین، چونکە بەردەوام چاوی دوژمن لە ڕابردوو و ئێستادا لەسەر ئەوەیە خەباتی ڕزگاریی نیشتییمانی کورد لە هەر کوێ بێت شکستی پێ بهێنن، ئێمەی لاوانی کچ و کوڕ درێژەپێدەری خەباتی پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵانین و بەرەنگاریی ئەوانە دەبینەوە کە بە چاوی تەماحی دوژمنکارانە دەڕواننە وڵاتەکەمان".

سەردار غازی، لاوێکی کەرکووکە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەكانی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵان، ئەرك و زەروورییەتە، ئەو خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و دەرفەتی كار و خوێندن و ئازادی و دیموكراتییەی ئەمڕۆ، بەرهەمی پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵانە، بۆیە پێمان وایە هەموو ئەو بەرهەمی حکومڕانییە خۆماڵییەی کوردستان و ئەو خۆشگوزەرانییەی ئێستای گەلی کورد، بەرهەمی خەباتی 48 ساڵەی پێشمەرگە گیانبەختکەرەکانی شۆڕشی گوڵانە، هەر لەبەر ئەوەش لاوانی کورد دەبێت بە خوێن و زانست پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە مەزنە بکەن".

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار