گەنجانی گەرمیان بۆ KDP: دەبین بە پایەیەک بۆ پاراستنی بەرهەمی شۆڕشی گوڵان

گەرمیان-KDP.info- گەرمیانییەکان لە شۆڕشی مەزنی گوڵاندا بە ڕێبەرایەتی و ڕێنوێنیی بارزانیی نەمر، ڕۆڵی کاریگەر و دیاریان هەبووە، ئەمڕۆش و پاش 48 ساڵ لە شۆڕشی گوڵان، کوڕ و کچە گەرمیانییەکان باس لە وەفایان دەکەن بۆ خەباتی پێشمەرگە و بوونیان بە پایەیەک بۆ پاراستنی بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان.
محەمەد عادل، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی لاوان لە کەلار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شۆڕشی گوڵان، درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، شۆڕشی گوڵان وەک دۆزینەوەی ئاو بوو لە بیابانێکی وشک، ئاخر دوای ئەو گەلەکۆمەییە نێودەوڵەتییەی کرایە سەر شۆڕشی ئەیلوول، کە لەنێویدا پەیماننامەی شوومی جەزائیر واژۆ کرا، لە تێڕوانینی کەسدا نەبوو جارێکی دیکە شۆڕش سەرهەڵبداتەوە، وەک دوژمنان دەیانگوت (بۆ هەمیشە خەباتی کورد تەواو بوو)، بەڵام خەباتی ڕزگاری تا گەیشتن بە ئامانج بەردەوامی هەیە. شۆڕشی گوڵان شۆڕشێکی تەنها چەکداری نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی فکریش بوو، بە تێڕوانینی نوێوە خەبات بەردەوام بوو، شۆڕشی گوڵان شۆڕش بوو بەسەر شۆڕشی بێهیوایی گەلی کورددا، دووبارە بۆ هەموو دونیای دووپات کردەوە، تا کورد هەبێت، خەباتی ئازادی بەردەوامیی هەیە".
شنۆ عینایەت، کچە لاوی چالاکوان لە دەربەندیخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "شۆڕشی گوڵان، شۆڕشێکی نەتەوەیی بوو، نەک حزبی، شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو، نەک ناوچەیی، ڕێزگرتن لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵانی مەزن، ڕێزگرتنە لە خودی خۆت، گەر هەر مرۆڤێک بڕوای بە ئازادی و ئاشتی هەبێت، دەبێت ڕێز لە گیانفیدایانی ئەو شۆڕشە بگرێت، چونکە خەباتی ئەوان بۆ ڕزگاری بوو، خەباتی ئەوان بە گیانی خۆیان کردوویانە، ئامانجی ئەوان کوردستان بوو، نەک فکرێکی دیکە، شۆڕشی گوڵان دووبارە سەلماندییەوە، پێشمەرگە و کوردستان و ئازادی ئەشقێکی لێکدانەبڕاون".
ژاڵە هیدایەت، چالاکی کۆمەڵگای مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئازادیی کوردستان لە ئەنجامی خەباتی بەردەوامی پێشمەرگەوە بەدیهاتووە، کە بەدڵنیاییەوە دەڵێین هێزی ئەو خەباتە شۆڕشی گوڵان بوو، چونکە ئەو شۆڕشە، شۆڕش بوو بەسەر بێهیواییدا، ئەو شۆڕشە دیسانەوە هیوای ژیاندەوە، دوژمنی بە سەختی شکاند، کە قۆناغەکانی دوای ئەم شۆڕشە گەواهیدەری ئەوەن، ئەم شۆڕشە سەرمەشقی ئەم ئازداییەی ئێستایە، بێگومان ئەمەش بەو واتایە نییە، کە شۆڕشەکانی دیکە لاواز بوون، هەموو شۆڕشێک بەشێکی گرنگی ئازادیی ئێستایە، بەڵام گوڵان پشکی شێری بەردەکەوێت".
ئاراس کامەران، کە کوڕە لاوێکی کەلارییە، بۆ 48 ساڵەی یادی شۆڕشی مەزنی گوڵان دەڵێ: "وەک لاوێک پێم وایە شۆڕشی گوڵان یەکێکە لە گەورەترین شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سەردەمی هاوچەرخدا، چونکە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشەکە لە تێڕوانینی هیچ لایەنێکدا نەبوو، بەڵام تا بەدەستهێنانی ئازادی، خەبات بەردەوامی هەبوو، ئێستاش ئێمەی نەوەی پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان لە گەرمیان، بە سەربەرزییەوە ئەو یادە مەزنە دەکەینەوە، ڕێز لە خەباتی پێشمەرگە دەگرین و خەبات دەکەین بۆ پاراستنی بەرهەمی پێشمەرگایەتییان، ئەویش حکوومەت و پەرلەمان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە بە گشتی".
عەزیز ڕەسووڵ




