٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان بۆ KDP: ھەمووان خۆیان بە خاوەنی شۆڕش دەزانی

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ ٤٨ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا تێپەڕ دەبێت، پێشمەرگەکانی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیش دەڵێن، ئەو شۆڕشە بۆ گەلی کورد زۆر گرنگ بوو، کە کورد جارێکی دیکە ھەستایەوە و لە نائومێدیدا ئومێدی بۆ گەڕایەوە، کە دەستکەوتەکانی ئێستا بەرھەمی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانن.

سەدیق گۆران، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شۆڕشی گوڵان بۆ میللەتی کورد یەکجار گرنگ و پڕ دەستکەوت بوو، کە ئەوە ڕوون و ئاشکرایە و خەڵک باش ئەوە دەزانن، ئەو شۆڕشە دوای پیلانی دوژمنانی گەلی کورد دەستی پێکرد، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، کە ڕۆیشتین بۆ ئێران بارزانیی نەمر لە مەھاباد دانیشتنێکی ئەنجام دا بۆ ئەوەی شۆڕشی گوڵان دەست پێبکرێت بە ئامادەبوونی سامی عەبدولڕەحمان و ملازم یونس و مستەفا نێروەیی و عەریف یاسین، بۆیە پلانی بۆ دانرا و پێشڕەوی کرا بۆ ھەرێمی کوردستان و لە سنوورەکانەوە دەستپێکرا، ئەو شۆڕشە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست ھێنا و میللەتی کوردی لە نائومێدییەوە بۆ ئومێد گەڕاندەوە، چونکە ئێمە وامان دانابوو جارێکی دیکە ناتوانین کوردایەتی بکەین، بەڵام بارزانیی نەمر جارێکی دیکە ئومێدی بۆ گەلی کورد گەڕاندەوە، ئێستاش ئەو بەرھەمەی ھەیە دەستکەوتی هەردوو شۆڕشی ئەیلو و گوڵانە".

سەدیق گۆران دەشڵێت: "لەو شۆڕشەدا بە فەرمانی ئیدریس بازرانی چووین بۆ سنووری سلێمانی و بەندە ئامرھێز بووم و ھەرسێ لقی ٣ و ٤ و ٥ ڕۆیشتین بۆ ئەوێ و لەوێ بووین تاوەکو شەڕی عێراق و ئێران دەستی پێکرد، کە ئەوکات ملازم یونس بەرپرسی لقی سێ بوو، ھاوکات محەممەد مەلا قادر بەرپرسی لقی چوار بوو، ڕەشید عارفیش بەرپرسی لقی پێنج بوو، بۆیە بەیەکەوە بووین کە ھەرسێ لق ژمارەمان ٣٧٠ کەس بوون، بەڵام ورەیەکی بەرزمان ھەبوو و گەورەترین ھێز کە ئێمە ھەمانبوو، نزیکەی ٧٠ کەس بووین، بۆیە بە ھێزێکی کەم سەرکەوتنی گەورەمان بەدەست دەھێنا لە شۆڕشی گوڵاندا".

لای خۆشیەوە، مەلا قادر محەممەد، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شۆڕشی ئەیلوول ھەستانەوەی کورد بوو بەرامبەر بە دوژمن، بارزانیی نەمر خۆی سەرکردایەتیی شۆڕشەکەی دەکرد، چونکە شۆڕشەکە ھەموو کەسێک تێیدا بەشدار بوو و ھەمووان خۆیان بە خاوەنی شۆڕشەکە دەزانی، بەڵام دوای ئەوەی تووشی نسکۆ ھات، خەڵک وایزانی ئیدی کورد تەواو بوو، بەڵام بە بڕیاری بارزانیی نەمر کورد بە ورەیەکی بەرزەوە شۆڕشی گوڵانی دەست پێکرد، کە ھەستانەوەیەکی زۆر گەورە بوو، کە ھەردوو سەرکردە کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرۆک بارزانی خۆیان سەرپەرشتیی شۆڕشی گوڵانیان دەکرد، بۆیە ئەو شۆڕشە تەواوکەری شۆڕشی ئەیلوول بوو و توانرا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنین و کورد بۆ یەکەم جار چۆکی بە حکوومەتی عێراق دادا و وای کرد ڕژێم سازش بۆ کورد بکات و دان بە مافی گەلی کورددا بنێن، بۆیە داوای کرد شاندێکیان بێن بۆ کوردستان و دەست بە گفتوگۆ بکەن، چونکە ئەوانە ھەمیشە نیەتیان لەگەڵ کورد باش نییە و ھەرچەندە ڕێککەوتن دەکەن، پەشیمان دەبنەوە، کە ئێستاش بە ھەمان شێوە بەردەوامن".

مەلا قادر محەممەد گوتیشی: "ئەو شۆڕشە دەستکەوتی زۆر گەورەی لێ کەوتەوە، کە قەوارەی ئێستای ھەرێمی کوردستان و ئەو ئەمنیەت و ئارامی و ئاوەدانییەی ھەیە، دەستکەوتی شۆڕشی گوڵانە، بۆیە جێگەی شانازیی ھەموو کوردێکە و ھەمووان پێویستە ساڵانە ئەو یادە مەزنە بەرز ڕابگرن".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار