دووەمین لیستی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا
ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، دووەمین لیستی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، کە ناو و زانیاریی ٤٥٣ فەرمانبەری تێدایە، ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کراوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان…
ڕۆژی پێنجشەمە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای پڕۆژەی ھەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین ھەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەڵسا بە ناردنی زانیاریی ( ٤٥٣ ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی ھەرێمی کوردستان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە ھەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پڕۆژەی ھەژماری من بەپێی ئەو پڕۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و ھەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پڕۆسەی کردنەوەی ھەژمارەکان و چاپکردنی کارتەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا ھەفتەی ڕابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، ھیوادارین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٣ی٥ی٢٠٢٤




