ئەکرەم ساڵح: حکوومەتی ھەرێم بەبێ جیاوازی کاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەرێم کردووە

گەرمیان -KDP.info- بەرپرسی لقی٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان گوتی: سەرەڕای ھەموو قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام و بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، ئێمەیش وەکو حزب ھەمیشە پردی پەیوەندی بووین لەنێوان خەڵک و حکوومەتدا.
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرباری سەختی بارودۆخی دارایی لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا بەبێجیاوازی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بەردەوامی پێداوە و لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان پڕۆژە ئەنجام دەدات.
ئەکرەم ساڵح گوتیشی: سەرەڕای ئەوەیش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی درێژخایەنی ھەیە بۆ پەرەپێدانی سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان لە ھەرێمی کوردستان، لەوانە سێکتەری کشتوکاڵ، ئاودێری و پیشەسازی، کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
بەرپرسی لقی٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان ڕوونیشیکردەوە: ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان بەردەوام ھەوڵمانداوە پردێکی باشی پەیوەندی بین لەنێوان جەماوەر و دامودەزگا حکومییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی گەرمیان بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




