٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری بۆ KDP: ھاوکاری ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە زیاتر بووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئێستا ھاوپەیمانان زیاتر گرنگی بە ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە دەدەن و پێشمەرگە بەدۆست و ھاوپەیمانی خۆیان دەزانن و  ھاوکاریان نەک کەمیکردووە بگرە زیاتر لە پێشووترە، چونکە ئێستا ھەست دەکەن داعش جارێکی دیکە دەستی بەجمووجۆڵکردۆتەوە و ئەوەی متمانەیان پێی ھەیە پشتی پێ ببەستن ھێزی پێشمەرگەیە.

بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە ھێزی ھاوپەیمانان ھەیە لە ڕاھێنان و ھەواڵگری و ئۆپڕاسیۆنەکان و دابینکردنی پێداویستی، کە سەرجەم وڵاتانی ھاوپەیمان لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن ئەمەش سوودی زۆری ھەیە، بەھۆی ئەوەی ئەو وڵاتانە ھەر یەکێکیان ئەزموونێکی باشی ھەیە و پێشکەشی پێشمەرگەی دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھێزی پێشمەرگە ناوچەکەی پاراستووە کە ناوچەیەکی شاخاوییە و ناوچەیەکی ھەستیارە، ھاوکات پێشمەرگە دۆست و ھاوپەیمانی وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتنخوازە، بۆیە پێشمەرگە ھەمیشە ھاوکارە بۆ شەڕی دژە تیرۆر".

زێباری باس لەوەش دەکات: "ئەوەی باس دەکرێت کە ھاوپەیمانان ھاوکاری و پشتگیریان بۆ پێشمەرگە کەمکردۆتەوە ڕاست نیە و بگرە زیاتر بووە، لەبەر ئەوەی ئێستا داعش جارێکی دیکە جمووجۆڵی زیادی کردووە و پێویستی بەوە ھەیە زیاتر ڕووبەڕوویان ببینەوە، ھەروەھا داعش کاتی خۆی لەسەر دەستی پێشمەرگە شکاوە و ناوێکی گەورەی تۆمار کردووە لە تێکشکاندنی داعش، بۆیە ئێستا ھێزی ھاوپەیمانان بەھۆی چالاکیەکانی داعش زۆر باش ھەستی پێ دەکەن و لەو بارودۆخە نیگەرانن و عێراقیش وەکو پێویست ھاوکارنین، بۆیە پشت بەھێزی پێشمەرگە دەبەستن، چونکە داعش بەردەوام چالاکی لە زیادبوون دایە، بۆیە ئەمینترین ناوچە بۆ ئەوان ھەرێمی کوردستانە و تاکە ھێز متمانەیان پێی ھەبێت ھێزی پێشمەرگەیە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار