٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا: سوپاس ئه‌م بڕیارانە بە پاڵپشتی و هاوکاری ئێوه‌ پەسه‌ند كران

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە ئەمڕۆ چواشەممە بە هەوڵ و هاوكاری ئەندامانی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، توانیان رۆژی نەورۆز و كیمیابارانی هەڵەبجە بكەنە پشوو لە سەرتاسەری عێراق.

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ دوای 21 ساڵ لە ڕووخانی رژێمی بەعس، رۆژی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی كرایە پشووی فەرمی کە پێشتر لە عێراق جەژنی دار (عید الشجرة) بوو.

راشیگەیاند: هەر ئەمڕۆ بڕیاردرا رۆژی 16/3 بە ناونیشانی هەڵه‌بجە و ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی پێشوو، بووە پشووی فەرمی لە سەرجەم عێراق، بەهەمانشێوە ئەمڕۆ پێداگیریمان لەسەر مافی سەرجەم پێکهاتەکانیش كرد و بە ئەرکی خۆمانمان زانی.

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: هەر ئەمرۆ توانیمان ماوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی 6 مانگ درێژ بكەینەوە لەپێناو زامنکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی تردا.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە ئەمڕۆ هەنگاوێکی گەورەی تریش نرا لەپێناو پووچەڵکردنەوەی بریارەکانی رژێمی لەناوچوو تایبەت بەزەوییە کشتوکاڵییەکان و لە دانیشتنی ئایندەدا کۆتایی پێ دیت.

شاخەوان عەبدوڵڵا سوپاسی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی تری پەرلەمانی عیراق كرد كە ئەم بڕیارانەی سەرەوە بە پاڵپشتی و هاوکاری ئەوان پەسه‌ند كران.

هەواڵی پەیوەندیدار