٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

توركیا توركە و تورك دەمێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

رونی مارگۆلیەس

ساڵانێكی درێژە كە بە هۆی شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەت ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە هاووڵاتییانی توركیا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن و ژمارەیەكی دیكە بریندار دەبن و ژمارەیەكیش بە هۆی هۆكاری جیاجیا بەڵام گرێدراوی شەڕ ماڵ و حالی خۆیانیان بەجێ هێلاوە و لە شوێنێكی دیكە نێشتەجێ بوونە.

لە ماوەی 30 ساڵی شەڕ لە توركیادا 40 تا 50 هەزار هاووڵاتی ئەم وڵاتە گیانیان لە دەست داوە و هەر بە هۆی رووداوێكی نزیك لە شەڕ یا بە هۆی هێرش و تەقینەوە جیاجیاكان كە لە پێناو چارەسەر كردنی پرسی كورد پێكهاتوونە لە نێوان 20 تا 30 هەزار هاووڵاتی دیكە گیانی خۆیان لە دەست داوە یا بریندرا بوونە. باشە ئەگەر دوای سی ساڵ بۆ یەكەم جار هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی ئەو پرسە بدرێت كە بووەتە هۆكاری ئەم هەموو زەرەر و زیانە ( ئەمە بێجگە لە وێران كردنی گوندەكان، سووتاندن و خراب كردنی ژینگە و سووتاندن یا خۆ خراب كردنی باڵاخانەكان و ماشینە جوراوجۆرەكانی حكوومەت)، بۆ دەبێت من یا كەسانی دیكە وەكو من لە دژی ئەم هەوڵدانانە بوەستێنەوە؟ ئایا چارەسەر كردنی پرسی كورد و واز هێنانی پەكەكە لە چەك و راگرتنی شەڕ و چالاكی چەكداری دەبێتە هۆی دابەش كردن، پارچە كردن یا خۆ گۆڕانی دەموگرافی توركیا؟

ئایا راگرتنی كوشتنی هاووڵاتییانی توركیا جا چە سەرباز بێت یا هاووڵاتی مەدەنی دەبێتە هۆكاری پارچە كردن و لاواز كردنی توركیا؟

كێ دەتوانێت كە مردن، كوشتنی مرۆڤەكان، وێران كردنی گوندەكان، خراب كردن و سووتاندنی ژینگە، تەقینەوەكانی نێو شارەكان وەكو بژاردە بۆ خۆی هەڵبژێرێت و بەردەوام هەوڵ بۆ ئەوەی بدات كە ئەم هەموو كرایارە نامرۆڤانانە بەردەوام بن؟ ئایا هیچ هۆكار یا ئارمانج و بەرەژوەندییەكی گونجاو لە پاراستنی كوشتنی مرۆڤ و وێران كردنی گوندەكاندا هەیە؟

سی ساڵە توركیا گیرودەی نەخۆشی شیرپەنجەیە. بەراستی ئەم شەڕە كە بە هۆی پرسی كوردەوە بەروكی توركیای گرتووە سەد جار لە نەخوشی شیرپەنجە كوشندەتر و ماڵ وێرانكەرترە. دوای ساڵانێكی درێژ بەرپرسانی توركیا بە بەرپرسانی سیاسی و سەربازییەوە گەیشتنە ئەو قەناعەتە كە دەبێت ئەم پرسە بە رێباز و شێوازی دوور لە شەڕ و توندوتێژی چارەسەر بكرێت. ئەمە یەكەمجارە كە توركیا سیاسەتێكی بەمجۆرەی هەڵبژاردووە. ئارمانج لە هەڵبژاردنی سیاسەتی چارەسەری دوور لە توندوتێژی راگرتنی خوێن رێشتن و نالەبار كردنی باری ئەمنی وڵات و سەپاندنی تەبایی و ئاشتەواییە.

بەڵام بەداخەوە كە هەندك كەس و لایەن لە دژی ئەم سیاسەتەی توركیان و پێیان وایە كە ئەم سیاسەتەی ئێستای توركیا دەبێتە هۆكاری پارچە كردن و لاواز كردن و گۆڕانی دەموگرافی توركیا. بۆ نموونە پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) نەتەنیا لە دژی ئەم سیاسەتەی ئێستای توركیایە بگرە هەر رۆژ سەرۆكی ئەم پارتە بە بیانوو و تاوانی جیاجیا سەرۆك وەزیری توركیا تاوانبار دەكات و دەڵێت: سەرۆك وەزیری توركیا بە فەرمانی ئەم وڵات و ئەو وڵاتە دەستی بە لاواز كردنی پێگەی توركیا و دژایەتی كردنی توركیای توركەكان كردووە.

پارتی رەگەزپەرەستی تورك ( مەهەپە)یش هەڵوێستێكی توندتر و خرابتری گرتووەتە پێش و سەرۆك وەزیری توركیا بەوە تاوانبار دەكات كە لەگەڵ پەكەكەدا پێكهاتووە و دەیەوێ لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەوڵەتێكی كوردی دابمەزرێنێت و بەمجۆرە توركیا پارچە بكات.

ئەمە بەشێكە لە هەڵوێستی هەر دوو پارتی بەرهەڵەستكاری سەرەكە لە توركیا كە خاوەن پێگەیەكی بەهێزی جەماوەرین.

لێرەدا من دەمەوێ لەم هەر دوو پارتییە بپرسم كە ئایا راوەستاندنی شەڕ، راگرتنی كوشتنی هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە و راگرتنی وێران كردنی گوندەكان و ژینگەی ئەم وڵاتە و راگرتنی تەقینەوەكانی نێو شارەكان هەوڵدانێكە بۆ پارچە كردن و لاواز كردنی توركیا؟

ئەگەر وایە باشە ئێمە چۆن دەتوانین پرسی كورد چارەسەر بكەین و ئاشتەوایی و تەبایی لە توركیادا سەقامگیر بكەین؟

من پێم وایە كە ئەگەر نە یەك جار بەڵكو سەد هەزار جار پرسی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت، توركیا نەتەنیا پارچە ناكرێت و لاواز نابێت بەڵكو بە پێچەوانەوە توركیا بەهێزتر و ئارامتر دەبێت. چوونكە پرسی كورد وەكو ڤایرۆسی شیرپەنجەیە لە نێو جستەی توركیادا بۆیە ئەگەر ئەم ڤایرۆسە نەكۆژرێت ئەوا لە داهاتوودا دەبێتە هۆكاری كوشتنی توركیا.

ئەگەر پرسی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت توركیا هەر توركیای توركە تەنیا یەكێك لە پێكهاتە سەرەكییەكانی توركیا دەبێتە خاوەن ماف و ئازادییەكانی خۆی بەڵام ئەگەر پرسی كورد چارەسەر نەكرێت ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا نەتەنیا توركیای تورك نامێنێت بەڵكو توركیایەكی چەند پارچە كە لە دونیادا هیچ پێگەیەكی نابێت دێتە ئاراوە. كەواتە بۆ دەبێت ئێمە یا پارتە بەرهەڵەستكارەكانی توركیا لە دژی چارەسەر كردنی پرسی كورد رابوەستن؟

سەرچاوە: تەرەف

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار