٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ خزمەتی زیاتری جووتیاران سەرۆکی حکوومەت لەسەر هێڵ بوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵ بووە و دەشڵێ، بڕیارە رێژەیەکی باشی گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت.

کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە لیژنەیەکمان بە ناوی لیژنەی ٥٧ هەیە، کە نوێنەری حکوومەتی ھەرێم و نوێنەری حکوومەتی عێراقی تێدایە و ئێمەش وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەوانیش وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان و نوێنەرێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشدارن، کە لیژنەیەکی ھاوبەشە، بۆیە سەرەتا بەندە و وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری کشتوکاڵی ئەوان و بریکارەکەیان کۆبووینەوە و دواتریش بەشداریمان لە کۆبوونەوەی لیژنەی ٥٧ کرد، کە لیژنەکە دیاری دەکات چەند گەنم لە ھەرێمی کوردستان وەربگرن، بۆیە دوای واژۆکردن ئەوکات سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنم دەکرێنەوە".

سلێمان گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ لیژنەکە نەگەیشتینە ڕێککەوتن، چونکە ئەوان دەیانویست لەگۆترە رێژەیەک دیاری بکەن، کە دەیانویست ئەمساڵ ٥٧٦ هەزار تۆن وەربگرن و ئێمەش ئەوەمان ڕەت کردەوە و داوای ڕوونکردنەوەمان کرد، ئەوانیش باسیان لەوە کرد، کە پلانی کشتوکاڵی ئەوان وایە ٣٠%ی گەنممان لێ وەربگرن و ئێمەش رازی نەبووین، بۆیە نوێنەری وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێشنیازێکی دیکەی کرد، کە ئەگەر بەوە رازی نین، ئێمە لە ٩ پارێزگامان دروێنە تەواو بووە و حیسابمان کردووە ھەر پارێزگایەک چەند گەنمی زیادیان ھەیە، کە هەمووی کۆدەکەینەوە و رێژەیەک دیاری دەکەین، کە ٢١% دەبێت و ئەگەر ئەو رێژەیە بۆ ئێوە زیاد بکەین، وەرگرتنی گەنم لە ھەرێمی کوردستان دەبێتە ٦٠٥ هەزار تۆن، بەڵام ئێمە ئەوەشمان ڕەت کردەوە".

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ روونیشی کردەوە: "دوای ئەوەی لەگەڵ ئەوان نەگەیشتینە رێککەوتن، سەردانی دکتۆر فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانمان کرد و نووسراوێکمان پێ دا و زۆر بە سوپاسەوە نووسراوەکەی گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆیە دوێنێ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ھەبوو و بڕیارە رێژەیەکی باشی گەنم لە ھەرێمی کوردستان وەربگرن، کە دەبێتە جێگەی دڵخۆشیی ئێمە، بەڵام پێویستە لیژنەی ٥٧ واژۆی لەسەر بکات، ئەوکات بە فەرمی رێژەی وەرگرتنی گەنم رادەگەیەنین، بۆیە ئەمساڵ رێژەیەکی باشی گەنم وەردەگرن، کە دڵخۆشکەرە".

دەشڵێ: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوو جار لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ قسەی کردووە ئەو کاتەی لە بەغدا بووین و خۆشی بەردەوام لەسەر هێڵ بوو بۆیە بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت و رێژەی گەنم دیاری دەکرێت و واژۆ دەکرێت و دواتر دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە و گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار