ڤیان سەبری بۆ KDP: پێویست بوو بوودجەش ھەموار بکرێتەوە
بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پەسەندکردنی خشتەکانی بوودجە لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستانە و پێویستە تێیدا وادەی ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا، جێگیر بکرێت.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای پەسەندکردنی خشتەکانی بوودجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، ڕەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، ئێستا لە لیژنەی داراییە و ڕاپۆرتی لەبارەوە ئامادە دەکەن، ھەر کاتێک تەواو بێت، دەخرێتە بەرنامەی کار و گفتووگۆی لەسەر دەکرێت، دواتریش پەسەند دەکرێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕاشیگەیاند: "ئێمە دەمانویست نەک تەنیا خشتەکانی بوودجە، بەڵکو بوودجە ھەموار بکرێتەوە و پەسەند بکرێت، بەڵام تەنیا خشتەکانی بوودجە بۆ پەرلەمان ڕەوانە کراوە، پەسەندکردنی خشتەکانی بوودجەش لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە".
سەبری باسی لەوەش کرد: "پێویستە لەناو خشتەکانی بوودجەدا جەخت لەسەر ناردنی مانگانەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێتەوە، چونکە ئەرکی حکوومەتی عێراقە مانگانە لە وادەی دیاریکراو مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، وەک چۆن مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی خۆیان لە وادەی دیاریکراو دابەش دەکەن، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و پابەندی ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بووە، پێویستە ئەوانیش بە ھەمان شێوەی ھەرێمی کوردستان پابەند بن و چیتر ناردنی مووچە دوانەکەوێت".
بڵند ئیبراھیم




