سوپاسنامەی ڕاگەیاندنی پارتی پێشکەشی ھونەرمەند و نووسەر (حەمەڕەشید ھەرەس) کرا
سلێمانی-KDP.info- بە ئامادەبوونی دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، ھونەرمەند و ڕۆژنامەنووسان و چین و توێژە جیاجیاکان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لە شاری سلێمانی لە بارەگەی گۆڤاری ھەردەم کۆڕێکی گفتووگۆ ئامێزی بۆ ھونەرمەند و نووسەر (حەمەڕەشید ھەرەس) بەناونیشانی (ھەستی نەتەوەیی و توێژگرتنی لە ھزردا) سازکرد.
سەرەتای کۆڕەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد، دواتر کۆڕگێڕ بەدرێژیی باسی لە ھەستی نەتەوەیی و توێژگرتنی لە ھزردا کردوو گوتی، ھەلومەرجی ھیچ نەتەوەیەک کتومت لە ھەلومەرجی نەتەوەیەکی تر ناچێت، جیاوازی لە کولتوور و تاقیکردنەوە و، تەنانەت لە پێناسەی ھەر نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی تر جیاوازە، جا ئەگەر ئەو جیاوازییانە لە ڕۆژگارەکاندا بێت، بەڵام ئێمە لێرەدا دەتوانین ھەموو نەتەوەکان لە یەک ئامانجدا کۆبکرێنەوە، ئەویش بە بەرەنگاربوونەوەی ھەر نەتەوەیەکە دژی بێگانە لەسەر خاکی نەتەوەکەی خۆی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا دوژمنانی کورد زۆر دەمێکە منەتی ئەوەیانە ھەستی نەتەوەیی لە ناخی کورددا ڕیشەکێش بکەن.
لە کۆتایی گوتەکانیشیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەمڕۆ ھەلومەرجی کوردستان بە گشتی لەوە دەرچووە لەسەر تەخت و چواردەور ساتوسەوداو دانوستاندنی لەسەر بکرێت، ئیتر لەوە دەرچووە دەستکەوت و ماف لە دوژمن وەرگرێت، ئەگەر بە خۆمان بزانین ئێستا و ئایندەمان بە دەست خۆمانە، ئەمڕۆ زلھێزەکان ھەمووی بەرەو یەک تەوەر دەچن و ناچارن ددان بە مافەکانی کورد دابنێن.
لە کۆتایی کۆڕەکەشدا بە چەندین ڕاو سەرنج و پرسیار کۆڕەکە زەنگینتر کراو سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەکۆڕگێڕ درا.





