٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خالید شلی بۆ KDP: سەرۆک بارزانی ٦٢ ساڵە بێ وچان پێشمەرگەیە

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP.info- فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێ، زۆرێك لە گەنجانی ئەو سەردەمە بەھۆی خۆشەویستییان بۆ سەرۆک بارزانی، لە شۆڕشی ئەیلوولدا بوونە پێشمەرگە و دەشڵێ، سەرۆک بارزانی ماوەی ٦٢ ساڵە بێ وچان پێشمەرگەیە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان.

خالید شلی، فەرماندەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بوومە پێشمەرگە و بەرپرسیاریەتیشم ھەبووە لە نێو پێشمەرگەدا، ئێمە لە دەڤەری شێخان چەندین جار ھاتووینەتە بارەگای شۆڕش و شوێنی پێویست ھەر لەوێش گەیشتووین بە خزمەت سەرۆک بارزانی، لە بیرمە یەکەم جار چووینە خزمەت بارزانی نه‌مر، لەوێ كاك مەسعود بارزانیم بینی كە پێشمەرگەیە، ئەوکات تەمەنێکی زۆر کەمی ھەبوو، بە درێژایی ساڵانی شۆڕش چەندین جاری دیکە بە خزمەتی گەیشتووم".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت: "سەرۆک بارزانی ئەوکاتیش هەر رەمزی بەرخودان و کوردایەتی بوو، چونکە دوای ئەوەی ھەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە سەرۆک بارزانی بووەتە پێشمەرگە، لە نێو خەڵکدا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و دەتوانم بڵێم زۆرێك لە گەنجانی ئەو سەردەمە بەھۆی خۆشەویستییان بۆ سەرۆک بارزانی بوونە پێشمەرگە".

خالید شلی باس لە رۆڵی سەرۆک بارزانی دەکات لەنێو پێشمەرگە و شۆڕشدا و دەڵێت: "ھەر بەرەیەکی شەڕ سەرۆک بارزانی لێی بووایە ئەوە ورەیەکی دیکەی بە ھێزی پێشمەرگە دەبەخشی، لەبیرمە وەک تیمێک بوون سەرۆک مەسعوود بارزانی و شەھید ئیدریس پێکەوە سەرپەرشتیی پێشمەرگە و بەرەکانی شەڕیان دەکرد و سەرۆک رۆڵی کاریگەری لەسەر پێشمەرگە و شۆڕش هەبوو".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار