٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساڵح حەیدەر: سەرجەم داواکاری خەڵکمان گەیاندووەتە حکوومەت

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان گوتی: ئێمە وەک لقی ٢٠ی شێخانی پارتی، سەرجەم داواکاری خەڵکمان گەیاندووەتە حکوومەت و وەڵامی حکوومەتیش بۆ داواکاری ئێمە ئیجابییە، ئەگەر داواکاریەکانمان جێبەجێ بکرێت شێخان و دەوروبەری گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.

ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەتوانایدابێت بۆ قەزای شێخانی کردووە، شێخان لەڕووی ئیدارییەوە بەشێکی سەر بە ھەرێمی کوردستانە و بەشێکی سەر بە پارێزگای مووسڵە، ئەمە گرفتە ئەگەر نا کابینەی نۆیەم و سەرۆکی حکوومەت خزمەتێکی باشی شێخانیان کردووە، بەتایبەت لەڕووی ڕێگاوبان، بۆ نموونە لە کەلەکچی ھیچ ڕێگایەکی گوندەکان نەماوە قیڕتاو نەکرێت، پڕۆژەی دیکەش لە قەسرۆک و ڕێگای خنس و بەنداوی خنس بە نزیکەی ٧ملیار دینار درووست کراوە و زۆر پلان و بەرنامەیش لەئارادان بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.
ساڵح حەیدەر گوتی: ئێمەیش وەکو حزب ڕاپۆرتێکی ورد و فراوانمان ئامادەکردووە و داومانەتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی حکوومەت زیاتر خزمەتی شێخان بکات.
حەیدەر باسی لەوەش کرد: ئێمە بەردەوام سەردانی خەڵک دەکەین و پێشوازییان لێ دەکەین، شێخان چەند پێکھاتەیەک لەخۆ دەگرێت، ھەرچی داواکاری خەڵک ھەیە کردوومانەتە ڕاپۆرتێک و داومانەتە حکوومەت، تیمێکی حکوومەتیش بە سەرۆکایەتی د.ئومێد سەباح سەردانی شێخانی کرد بۆ ئەوەی پڕۆژەی زیاتر لە دەڤەرەکە ئەنجام بدرێت، ھیوادارین لەماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەکان بگەنە قۆناغی جێبەجێکردن، چونکە زۆرینەیان کراونەتە تەندەر.
پێشتریش وەزیری شارەوانی شاندێکی ڕەوانەی شێخان کرد بۆ ئەوەی گوێ لە داواکارییەکانمان بگرێت، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە شێخان داوە.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار