"دانیشتن و گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان لە کەرکووک بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن ئومێدبەخشن"

کەرکووک -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بەردەوامە و تا ئێستاش گفتوگۆکان ئەرێنین، گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانین بگەینە ڕێککەوتن.
ماموستا حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەرکووک شارێکی فرەدەنگ، فرەڕەنگ، فرەڕەھەند، فرەئاین و فرەمەزھەبە، بۆیە ئاسان نییە ڕێککەوتنێکی زوو لە شارێکی ئاوا بکرێت، ئەمە لە لایەک، دواتر ئێستا ئومێد ھەیە کێشەکە بەرەو چارەسەر دەچێت و ئومێد دەکەین لە داھاتوو بگەینە چارەی بنەڕەتی، چونکە گفتوگۆ بەردەوامە، لەبەر ئەوەی پێویستە ھەر ڕێککەوتنێک ڕەزامەندی ھەمووانی لەسەر بێت.
ماموستا حەسەن شێخانی گوتیشی: دانیشتنی نافەرمیی لەنێوان لایەنەکان ھەیە بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتنێک تا بتوانین دانیشتنی فەرمیی ئەنجام بدەین بۆ ڕێککەوتنی تەواو، لەبەر ئەوەی ١٦ ئەندام ھەنە و ھەر یەکێکیش پەیوەندی بە حزبێکەوە ھەیە، بۆیە ئەگەر لایەنەکان گەیشتنە ڕێککەوتن ئەوکات دانیشتنی ئەنجوومەن ئاسان دەبێت، چونکە پێویستی بە ڕێککەوتنی دەرەوەی ئەنجوومەن هەیە، هەر بۆیەش ناتوانین وادەکە دیاری بکەین، چاوەڕێ دەکرێت لە داھاتوو بگەینە ڕێککەوتن، بۆیە ھەنگاوەکان بەو ئاراستەیەن پێویستی بە لایەنی سێیەم نییە و لایەنەکان لەنێوان خۆیاندا دەگەنە ڕێککەوتن، لەبەر ئەوەی لەماوەی ڕابردوو دوو جەولەی دانیشتن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ ئەنجامدرا و ھێشتا دانیشتنی سێیەم دیاری نەکراوە.
شێخانی باسی لەوەش کرد: بەھۆی ئەوەی جارێ ناتوانین ڕۆڵی چاودێری خۆمان ببینین، دوو ڕاش ھەیە لەو بارەیەوە یەکێک باس لەوە دەکات لەدوای سوێند خواردن دەتوانین ڕۆڵی خۆمان ببینین، ئەوەی دووەم، دوای یەکەم دانیشتن ئەندامان دەتوانن ڕۆڵی چاودێری خۆمان ببینین، سەرەڕای ئەوەش ئێمە گروپێکمان ھەیە پارێزگاری کەرکووکی تێدایە و ھەر گرفتێک ھەبێت گەیاندوومانە و کارمان لەسەر کردووە بۆ ئەوەی چارە بکرێت.
دەشڵێت: دواکەوتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن کاریگەری نابێت لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگا بەحوکمی ئەوەی ڕاوێژمان لەگەڵ یاساییەکان کردووە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ناتوانین وەکو پێویست دەسەڵاتەکانی خۆمان بەکار بێنین.
بڵند ئیبراھیم




