٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی وەزیری کشتوکاڵ سەردانی بەغدا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران سەردانی بەغدا دەکات، چونکە ئێمە وەرگرتنی ڕێژەیەکی گەنم لە جووتیارانمان ڕەتکردۆتەوە و پێویستە بەپێی ڕێژەی بەرھەم گەنم لە جووتیاران وەربگرین.

ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سبەی شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی وەزیری کشتوکاڵ سەردانی بەغدا دەکات، مەبەست لە سەردانەکەش یەکلاییکردنەوەی پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت یەکلاییی بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە سێیەم سەردانە بۆ بەغدا دەکرێت".

ھیوا عەلی جەختیش دەکاتەوە: "ئێمە ھەموو داتاو زانیاریەکانمان بە بەغدا داوە کە پێویستن لەبارەی ڕێژەی چاندنی گەنمی جووتیاران و ڕێژەی باران بارین و پێشبینی بەرھەمی ئەمساڵ، بۆیە ھەموومان بە بەڵگەوە داوە بە بەغدا، ھەروەھا نامانەوێت ئەمساڵ ڕێژە دیاری بکرێت و بەپێی ڕێژەی چاندن و بەرھەمی گەنم مامەڵەمان لەگەڵ بکەن لە وەرگرتنی گەنم، بۆیە چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی خۆیان دەکەن بەو شێوەیە بێت لەگەڵ ئێمەش، ھاوکات وەرگرتنی ڕێژەی گەنم لە جووتیارانی ھەرێممان ڕەتکردۆتەوە و بەمە ڕازی نابین و پێویستە بەپێی ڕێژەی گەنمی جووتیارانی ھەرێم گەنم لە جووتیاران وەربگرن".

عەلی باسی لەوەشکرد: "ئەمساڵ بەشێوەی سەتلایت داتا زانیاری و بەڵگەمان داوە بە بەغدا، کە ئەمساڵ دوو ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆنم زەوی بەگەنم چێندراوە و باران بارین زۆر باشتر بووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەمساڵ بگاتە سەرووی دوو ملیۆن تەن، بۆیە لێکنزیکبوونەوەی باش ھەیە و چاوەڕێ دەکرێت بڕیاری کۆتایی بدرێت لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار