یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد

بارزان-KDP.info- ئەمڕۆ کادیر و ئەندامانی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، سەردانی مەزاری نەمرانیان لە دەڤەری بارزان کردوو لەلایەن شێخ خەڵات بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی لە مەزاری نەمران، پێشوازیلێکران.
بە سەرپەرشتی مەیسەر نھێلی، سکرتێری یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و کارگێڕانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەندامانی سەرکردایەتی و ئامادەبوونی زیاتر لە ٣٠٠٠ سێ ھەزار کادیر و ئەندامی (ی.ل.د.ک) لە کوڕان و کچانی نیشتیمان کە لە سەرتاسەری کوردستانەوە ھاتبوون، سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد لە بارزان.
سەرەتا لەلایەن شێخ خەڵات بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی پێشوازی کران و بە ڕێوڕەسمێکی لاوانە بەرەو مەزاری نەمران بەڕێکەوتن.
دواتر لە وتەیەکدا مەیسەر نھێلی تیشکی خستەسەر خەبات و تێکۆشانی بێوچانی جەنەڕاڵ (مستەفا بارزانی) و کاک (ئیدریس)ی ھەمیشە لە یاد، کە بە دڵنیایەوە ھەموو ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ وەدیھاتوون بەرھەمی ئەو شۆڕش و قوربانیدانە یەک لە دوای یەکانە بووە کە بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر پێشڕەوی کراوە، بۆیە بە پێویستی زانی کە لاوان ھەمیشە ڕێز و وەفای خۆیان بنوێنن بۆ ئەو کارێزمایەی کە ھەموو ژیانی خۆی بۆ سەربەستی گەلەکەی تەرخان کردوو بەڵێنی بەردەوام بوون لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەی ئەرکی لە پێشینە بێت و یەکێتی لاوان لەو پێناوەدا ھەموو وزە و توانای خۆی بەکار دەخات.




