لە ڕۆژانی داھاتوو پردی دەربەندی رانیە دەکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە هەموو کارەکانی تەواوبوونە و لەچەند ڕۆژی داهاتوو دەکرێتەوە.
د.ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ھەموو کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بوونە و تەنیا ماوەتەوە بکرێتەوە، پردەکە درێژییەکەی ٤٢٠ م دەبێت و ناوچەیەکی بەرفراوان پێکەوە دەبەستێتەوە.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: بڕیارە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و بەرپرسان لە چەند ڕۆژی داھاتوو پردی ڕانیە بکرێتەوە کە خزمەتێکی زۆر بە بواری هاتوچۆ و ھاووڵاتییانی سنووری دەڤەری راپەڕین دەگەیەنێت.
قائید میرۆ




