لە سۆران ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن

سۆران -KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و دەڵێ: لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری قەزای سۆران چوونەتە بواری جێبەجێکردن و گوژمەی تەرخانکراویش بۆ ئەو پڕۆژانە سێ ملیار و ٣٩٥ ملیۆن دینارە، ئەو پڕۆژانەی ئێستا جێبەجێ دەکرێن لە بواری ئاوەڕۆ، دیواری پاڵپشت و شەقامە ناوخۆییەکان پێکهاتوون و ژمارەیەک گەڕەکی شاری سۆران دەگرێتەوە.
قایمقامی سۆران گوتیشی: لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پڕۆژەی ئامادەکراوی دیکە دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان جێبەجێ دەکرێن.
ڕەجەب زوبێر ڕوونیکردەوە: ئێمە جگە لەو پڕۆژانەی بەردەوام کاری لەسەر دەکەین ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی ستراتیژیمان ھەیە لە سۆران، لەوانەش پڕۆژەی دەروازەی سۆران و تێرمیناڵی سۆران، دروستکردنی پارک و باخچە و چەندانی دیکە، پڕۆژەکانیش لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن.
قائید میرۆ




